رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوونەوە کۆمەڵێک رێکاری نوێیان بۆ قوربانیکردن لە جەژندا دەرکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کەسێک پابەند نەبێت، سزا دەدرێت.
رۆژی چوارشەممە، 04ـی حوزەیرانی 2025، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەوڵەکانمان لە جەژندا چڕ دەکەینەوە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان. لەو چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک رێکاری نوێمان بۆ قوربانیکردن بە شێوازێکی تەندروست لە جەژندا دەرکردوون و هەر کەسێک پابەند نەبێت، سزا دەدرێت ."
رابەر محەممەد دەڵێت: "سەربڕینی ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵان و شەقامەکان قەدەخەیە، واتە دەبێت هەموو ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان بەپێی رێکاری پزیشکی سەرببڕێن و رێنماییەکانی خۆپارێزی و پاکوخاوێنی پەیڕەو بکرێن."
سەربڕخانەکان لە رۆژانی جەژندا بە ئامادەبوونی پزیشک و کارمەندی ڤێتێرنەری کراوە دەبن. رابەر محەممەد گوتی: "پێویستە ناوی سەربڕخانەکان و خشتەی کاتی کارکردنیان لە دەزگاکانی راگەیاندن و یەکە کارگێڕییەکان بڵاوبکرێتەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی هاونیشتمانییان."
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری گوتی: "ئەو ئاژەڵەی بۆ قوربانیکردن دەستنیشان کراوە، دەبێت سێ هەفتە پێشتر هیچ دەرمانێکی پێ نەدرابێت؛ کەسی قوربانیکەر و قەسابەکەش دەبێت هەموو رێکارێکی خۆپارێزی و پاکوخاوێنی بگرنەبەر و جلی تایبەت و دەستکێش بەکاربێنن؛ نابێت لەکاتی قوربانیکردن خەڵک لە دەوری ئاژەڵ کۆببنەوە، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیە گوازراوەکان".
بە گوتەی رابەر محەممەد، گواستنەوەی گۆشت دەبێت لە ساردکەرەوەدا بێ، بە بەکارهێنانی نایلۆنی نوێ و روون گۆشت دابەشبکرێت، نابێت هیچ پاشماوەیەکی ئاژەڵ لە کۆڵان و شەقامەکان فڕێبدرێت.
دوێنێ ئەمیر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند: "یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە زاخۆ تۆمارکراوە و رەوانەی ژێر چاودێریی تەندروستی کراوە و تەندروستیی جێگیرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ