رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پرسی مووچە بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو. وەزیرێکی حکومەت دەڵێت، "گفتوگۆی چڕوپڕی لەسەر کرا".
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتکرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە، ئەگەر پێویستی کرد لەدوای پشووەکانی جەژن رێکاری دەستووری دەگیرێتەبەر.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی کرا.
بەگوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، هەموو وەزیرەکانی حکومەت لەسەر دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی مافەکان بەپێی دەستوور و یاسا، یەک دەنگ بوون.
لەبارەی دابینکردنی مووچە پێش جەژن، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود باسی لەوە کرد، تازە جەژنە و ئەستەمە مووچە دابین بکرێت.
تاوەکو ئێستا بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، دوای ئەوەی چوارشەممەی رابردوو وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، چیدیکە تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستان ناکات. بەمەش چارەنووسی مووچەی 8 مانگی ئەم ساڵ دیارنییە.
دوای هەفتەیەک هەوڵدان لە رێگە جیاوازەکان و دادگەی فیدراڵییەوە، تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ ناردنی مووچە پێش جەژنی قوربان دیارنییە.
دوێنێ، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، داوایان لە محەممەد شیاع سوودانی کردووە هەرچۆنێک بێت پێش جەژن مووچە بنێرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا مووچە نەنێردراوە، بۆیە وەزیرەکانی پارتی بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیان نەکرد.
هەر دوێنێ، فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە. د. موسەننا ئەمین دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، سوودانی هیچ بەڵێنێکی دیاریکراوی لەبارەی ناردنی مووچە پێش جەژن نەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ