شاخەوان عەبدوڵڵا: بەغدا هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە

03-06-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، داوایان لە محەممەد شیاع سوودانی کردووە هەرچۆنێک بێت پێش جەژن مووچە بنێرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا مووچە نەنێردراوە، بۆیە ئەمڕۆ وەزیرەکانی پارتی بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیان نەکردووە.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی کۆبوونەوەیەکی رۆژی یەکشەممەی خۆی، د. فوئاد حوسێن و بەنگین رێکانی لەگەڵ سوودانی دەکات و دەڵێت، "پەیامی سەرۆک بارزانیمان گەیاند کە ناکرێت لەژێر هەر پاساوێک مووچەی خەڵک ببڕدرێت".
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بە سوودانی گوتووە هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەغدایە، "بەهۆی ئەو بازگە و سەرانەوەرگرتنەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دانراوە، بازرگانەکان کاڵاکانیان دەبەن لە دەروازەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئیتحادی داخلی نێوەڕاست و باشووری دەکەن و بەهۆیەوە داهاتی خاڵە سنورییەکان 100 ملیار دینار مانگانە کەمی کردووە و بەهۆی کەمیی جووڵەی بازرگانیش زەریبە و رسوماتیش دابەزیوە".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتیش قسەی لەگەڵ سوودانی کردووە و دەڵێت، "گوتم بەڕێز سوودانی بەربەستەکانی بەردەم هەناردەی نەوت هەڵگرن با دەست بە هەناردە بکرێتەوە ئەوکات ئەو مەلەفە دادەخریت و ئیتر لەلایەن حکومەتی ئیتحادی هەناردەدەکریت و ئیستهلاکی ناوخۆی هەرێمیش دابین دەکرێت و ئێستا لە قۆناخی کۆتایین، دوای ئەم گفتوگۆیانە گوتی 'باشە با دادگە بڕیارێک بدات ئەمرێکی ولائی لەسەر سکاڵایەک دەربکات منیش مووچە سەرف دەکەم".
 
هەر ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان داوای "یەکدەنگ"ـی لایەنە و پارتە سیاسییە کوردستانییەکانی کرد. 
 
فراکسیۆنی پارتی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نە خێرە و نە سەدەقە تاوەکو موزایەدەی پێوە بکرێت، بەڵکو مافێکی شەرعی و یاساییە و نابێت چیتر وەکو کارت و گوشاری سیاسی بەکاربهێنرێت و مافەکانیان زیاتر لەمە پێشێل بکرێت."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆتاییدا داوا لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین، لەم پرسەدا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەگەڵ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بمێننەوە."
 
 
دەقی پەیامەکەی شاخەوان عەبدوڵڵا:
 
قسەیەکیش لەسەر گوتەکانی برایانی یەکگرتوو …
 
ئەمڕۆ بەرێز موسەننا ئەمین پێش چوونیان بۆ لای سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاگاداری کردم کە ئەوان بەتەمان بچن بۆ لای سەرۆکوەزیرانی عێراق و گوتی دەزانم ئێوە هەوڵتان داوە، دەمەوێت بزانم چیتان کردووە منیش پوختەی دوایین کۆبونەوەی خۆمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران پێش دوو رۆژ بۆ باسکرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای فشارەکانی ئێمە گوتی، با بڕیارێک لە دادگای ئیتحادییەوە بێت بۆ ئەوەی بتوانم مووچە خەرج بکەم، بەڵام تاوەکو ئێستا 8 ئەندامیان بەردەستە و نەبوونەتە نۆ دادوەر بۆ ئەوەی دانیشن و بڕیارێکی وەلائی بدەن بۆ سەرف کردنی مووچە گوتی ئەو بڕیارە بدرێت زۆر باشە، ئەمڕۆ پڕ بەدڵ حەزم دەکرد لە کۆنگرەکەی برادەرانی یەکگرتوو گوێم لەوە بووایە کە ئەوان رەزامەندی سەرۆکوەزیرانیان وەرگرتوە پێش جەژن مووچە خەرج بکرێت بەڵام نەکرا، ئەوەش واردە چونکە ئەگەر بەڕێز سوودانی بیەوێت هێزێک رازی بکات ئەوە بە هەموو پێوەرێک لەسەر داوای پارتی و پێش هەموو لایەک بریاردەدات مووچە خەرج بکرێت، چونکە ئەویش لەزمانی ژمارە و پێگەی هێزە سیاسییەکان دەزانێت و ئەوەش دەزانێت هەڵبژاردن و سەرلەنوێ خۆکاندیدکردنەوەی لە پێشەو و پارتیش هێزی یەکلاکەرەوە دەبێت لەو بارەوە 
 
بۆیە لێرەوە دەمەوێت روونکردنەوەیەک بدەم لەسەر ناردنی مووچە بەتایبەتی پێش جەژن، هەڵبەتە هیچ کات نەمانویستوە هەوڵەکان و کۆبوونەوەکانمان باسبکەین و بەخەڵکی خۆمانی بفرۆشینەوە، چونکە بەئەرکی خۆمان زانیوە بەڵام بۆ ئاگاداری هەموو لایەک کاتێک مووچەی مانگی چوار دواکەوت رۆژی شەشی مانگی ئایار کۆبوونەوەیەک رێکخرا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران بەئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی و کاک دکتۆر فواد و بەندە و کاک بەنگین دوای دوو کاتژمێر بریار درا لەماوەی دوو رۆژ مووچەی مانگی چوار بنێرن و مووچە رەوانە کرا. 
 
بۆ ئەم مانگەش دوای بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق دەستمان بە گفتوگۆ کرد لەگەڵ سەرۆکوەزیران چەندین پەیوەندیمان ئەنجامدا دواجار رۆژی یەکشەمە واتە پێش دوو رۆژ کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا زیاد لە دوو کاژێری خایاند سەرۆکوەزیران و کاک دکتۆر فواد و بەندەو کاک بەنگینیش ئامادە بوو بۆ باس کردن لەتەواوی وەردەکارییەکان و گرفتی فەنی و دارایی و هۆکاری نەناردنی مووچە، کۆبوونەوەیەکی شەفاف بوو و پەیامی سەرۆک بارزانیمان گەیاند کە ناکرێت لە ژێر هەر پاساوێک مووچەی خەڵک ببڕدرێت و بەتایبەتی ئێمە لەبەردەم جەژنین، تەنانەت من گوتم خەڵک تاوانی ئەنجام داوە کەچی سەرۆک وڵاتان لەجەژندا لێبوردنی گشتی دەردەکەن کەچی وەزارەتی دارایی مووچەی خەلکی کوردستانی بریوە، وە ئەم بابەتە کاردانەوەی خراپی دەبێت لە کوردستان، یەکێک لەبیانوەکان کەمبوونەوەی داهاتی نێوخۆی بوو، گوتم ئەویش هۆکارەکەی بەغدایە بە هۆی ئەو بازگە و سەرانە وەرگرتنەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دانراوە بازرگانەکان کاڵاکانیان دەبەن لەدەروازەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئیتحادی داخلی نێوەڕاست و باشوری دەکەن و بەهۆیەوە داهاتی خاڵە سنورییەکان 100 ملیار دینار مانگانە کەمی کردووە و بەهۆی کەمی جووڵەی بازرگانیش زەریبە و رسووماتیش دابەزیوە، لە مەلەفی نەوتیش گوتم بەرێز سودانی بەربەستەکانی بەردەم هەناردەی نەوت هەڵگرن با دەست بە هەناردە بکرێتەوە ئەو کات ئەو مەلەفە دادەخرێت و ئیتر لەلایەن حکومەتی ئیتحادی هەناردە دەکرێت و ئیستهلاکی ناوخۆی هەرێمیش دابین دەکرێت و ئێستا لە قۆناخی کۆتایین، دوای ئەم گفتوگۆیانە گوتی باشە با دادگا بڕیارێک بدات ئەمریکی وەلائی لەسەر سکاڵایەک دەربکات منیش مووچە خەرج دەکەم، منیش دڵنیام کردەوە، گوتم هەرچیتان کردووە پێش جەژن مووچە خەرج بکەن، چونکە تاوانە خەڵک ئەم جەژنە مووچە وەرنەگرێت و پێداگیریمان لەسەر داوای سەرۆکبارزانی بۆ خەرج کردنی مووچە پێش جەژن کردووە، دوای کۆبوونەوەکە راستەوخۆ سکاڵا تۆمارکرا و کەوتینە بەردەم گرفتی تەواوکردنی نصابی دادگای ئیتحادی بۆ دانیشتن و دەرکردنی ئەمرێکی ولائی بۆ خەرج کردنی مووچە، چونکە سەرۆک و چوار دادوەری دادگای ئیتحادی لەسەفەری حەجن ئەوەی ماوەتەوە چوار دادوەر و چواری یەدەگە، بەڵام هێشتا ناتوانن دانیشتن ئەنجام بدەن، داوامان کرد ئیفترازی بێت لەبەر جەژن و تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوام ئەو داوایەمان کردوە، بەڵام رەزامەندی نەهاتوە، ئەوەش هۆکار بوو کە وەزیرەکانی ئێمە بەشداری دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران نەکەن، چونکە بڕینی مووچە پێش جەژن ناحەقییەکی گەورەیە دەرهەق بەخەڵکی کوردستان دەکرێت، هەوڵەکانمان ئەم جارە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاراستەی چارەسەری یەکجاری ئەم کێشەیە ئەگینا ئەنجامەکەی باش نابێت. 
 
لەکۆتاییدا داوایەک لەفراکسێونی یەکگرتوو دەکەم لە روانگەی بەرپابوونی عەدالەت لەم یەک دوو رۆژە دیدارێک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی خۆیشمان بەرێز کاک مسرور بارزانی ئەنجام بدەن، لە لایەک بۆ گواستنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ هەرێم ولە لایەکی تریش گوێ لەوەڵامەکانی ئەوانیش بگرن و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەئەمانەتەوە چۆن هیچ خاڵێکی ئەولاتان بیرنەچوو، وەڵام و معانات و داتاکانی هەرێمیش بخەنە روو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.