کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک دەکات

04-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نووسینگەى کەرکووکى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانی عێراق
نووسینگەى کەرکووکى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق لە کەرکووک خۆى بۆ یەکێک لە ئاڵنگارییەکان ئامادە دەکات، ئەویش وردبینییە لە تۆمارى دەنگدەرانى پارێزگاکە، کە یەکێک بووە لە هۆکارەکانى دواکەوتنى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکە لە 18 ساڵى رابردوودا.
 
جومانە غلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوی گوت، "کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگیى لەگەڵ وەزارەتەکانى ناوخۆ، تەندروستى، داد، بازرگانى، پلاندانان و نوێنەرى پێکهاتەکانى کەرکووک لە پەرلەمان وردبینى لە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک دەکات، لەسەر بنەماى ئەو هاووڵاتییانەى کە لەسەرژمێریى ساڵى 1957 تۆمارکراون، هەروەها ئەو کەسانەى لیژنەى وردبینیى مادەى 140یان تێپەڕاندووە یان تێیدەپەڕێنن".
 
پەرلەمانى عێراق لە هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکان چەند رێوشوێنێکى دیاریکردووە بۆ لادانى گومان لەسەر تۆمارى دەنگدەرانى پارێزگاکە.
 
بەگوێرەى مادەى 13ى هەموارى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان، وردبینیى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک لەسەر بنەماى ئەو هاووڵاتییانە دەبێت کە لەسەرژمێریى 1957 تۆمار کراون، جگە لە هەردوو ناحیەى زاب و سەرگەڕان، ئەو ئاوارانەى کە گەڕاونەتەوە و وردبینىی لیژنەى مادەى 140یان تێپەڕاندووە، هەروەها ئەو هاووڵاتییانەى بەر لە ساڵى 2003 دانیشتووى کەرکووک بوون و دەبێت ئەوە لە رێگەى کۆبۆنى خۆراکەوە بسەلمێندرێت، رێکارەکانى ئەم ماددەیە بۆ هەردوو هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگا کارى پێدەکرێت. 
 
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق ناوى نوێنەرى پێکھاتەکانى کەرکووکى بۆ کۆمیسیۆن ناردووە بۆ ئەوەى ببنە ئەندامى لیژنەکە، کە دوو کورد و دوو تورکمان و دوو عەرەبن. شاخەوان عەبدوڵڵا لە پشکى پارتى و دیلان غەفوور لە پشکى یەکێتى، نوێنەرانى کوردن لە لیژنەکەدا. دیلان غەفوور بە رووداوی گوت، لە داهاتوودا وا چاوەڕان دەکرێت لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵ نوێنەری حکومەت چۆنیەتیی کارکردن لە تۆماری دەنگدەران یەکلابکرێتەوە.
 
دەبێت لیژنەی وردبینیى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک تاوەکو 6ى ئەیلوول کارەکانى تەواو بکات. عەبدولباست دەروێش، گوتەبێژى نووسینگەى کەرکووکى کۆمسیۆنى هەڵبژاردن گوتی، "سەبارەت بەو بابەتە، لیژنەیەک پێکهاتووە بە سەرۆکایەتیی کۆمیسار لە بەغدا بە هاوبەشیی چەند ئەندامێک لە کەرکووک و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستپێکردنی وردبینییەکە، بەڵام هێشتا دەستی پێنەکردووە."
 
بڕیارە رۆژی 18ـى کانوونى یەکەم هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق بکرێت، دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا لە کەرکووک لە ساڵى 2005 کراوە. ئەنجوومەنى نوێى پارێزگاى کەرکووک لە 15 ئەندام و کۆتایەکى کریستانەکان پێکدێت، ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتى هەڵبژاردنى پارێزگارى نوێى دەبێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.