یاسای حەشدی شەعبی؛ پەرلەمانی عێراق لەبەردەم دووڕیانێکی مەترسیداردا

05-08-2025
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
دوو چەکداری حەشدی شەعبی.
دوو چەکداری حەشدی شەعبی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پرسی مانەوە و داڕشتنەوەی پەیکەری دەستەی حەشدی شەعبی، گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی کردووەتە دوو بەرەی دژ بەیەک. لە لایەک، چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەکانی سوورن لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەیاسایەک بۆ بەدامەزراوەییکردنی حەشد، و لە لایەکی دیکەشەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی توند دەدات کە ئەم هەنگاوە عێراق بەرەو دۆخێکی مەترسیدار دەبات.
 
بەپێی زانیارییەکان، ستیڤن فەیگن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، لەگەڵ زۆربەی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کۆبووەتەوە و نیگەرانییەکانی واشنتنی پێگەیاندوون.
 
لایەنگرانی پرۆژەیاساکە دەستوەردانە دەرەکییەکان رەتدەکەنەوە و تێپەڕاندنی یاساکە بە وەفاداری بۆ قوربانییەکانی حەشد دەزانن.
 
فالح خەزعەلی، سەرکردە لە حەشدی شەعبی و پەرلەمانتار دەڵێت، "دەستوەردانەکانی ئەمریکا رەتدەکەینەوە، بەتایبەتی لە پرسی دەرکردنی یاساکان کە بۆ پاراستنی دامەزراوە ئەمنییەکانمانە. پێمان وایە دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی، گواستنەوەی ئەو هێزەیە بۆ کاری دامەزراوەیی... ئێمە رژدین لەسەر تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایە و داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەین هاوکاربن وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەهیدان".
 
بەڵام ئەم سووربوونە، نیگەرانیی قووڵی لای لایەنە کوردی و سوننییەکان و تەنانەت بەشێک لە هێزە شیعیەکانیش دروستکردووە. ئەوان پێیانوایە یاساکە شەرعییەت بە گرووپی چەکداری دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دەدات و هاوسەنگیی هێز لە وڵاتدا تێکدەدات.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، "ئەمریکا هەڕەشەی روون و ئاشکرای لە تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایە کردووە. ئەمە وا دەکات شەرعییەت بدرێتە ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی دەوڵەتن و بودجەیەکی زەبەلاحیان بۆ تەرخان دەکرێت. چەندین شوێن هەن لە عێراق تەنانەت سەرۆکوەزیرانیش ناتوانێت سەردانیان بکات، وەک جرف ئەلسەخەر... بۆیە بەدیتنی ئێمە ئەم بابەتە زۆر هەستیارە و زەرەرمەندی یەکەم شیعە، دواتر سوننە و پاشان کورد دەبێت".
 
بەپێی دەقی پرۆژەیاساکە، حەشدی شەعبی وەک هێزێکی فەرمی لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی عێراقدا پێناسە دەکرێت و سەرۆکی دەستەکەش دەسەڵاتی باڵای دەبێت. تێپەڕاندن یان پەکخستنی ئەم یاسایە، دیاریکەری قۆناخێکی نوێی ململانێی سیاسی و ئەمنییە لە عێراقدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە