هاونیشتمانییان داوا دەکەن ماڵ و مەحکەمەی پێشەوا قازی محەممەد دەستکاری نەکرێت

04-08-2025
ناسر پیرۆتی
ماڵ و مەحکەمەی پێشەوا قازی محەممەد
ماڵ و مەحکەمەی پێشەوا قازی محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە هەیە بەشێک لە زەویی ماڵ و مەحکەمەی قازی لە مهاباد فرۆشرابێت تاوەکو بکرێتە باڵەخانە، ئەوەش خەڵکی کوردستانی دڵگران کردووە.
 
خەڵکی کوردستان، بەتایبەت دانیشتووانی مهاباد، داوا دەکەن دەستکاریی باڵەخانەی ماڵ و مەحکەمەی پێشەوا قازی محەممەد نەکرێت. ئەوان دەڵێن، ئەو شوێنە میراتێکی نیشتمانی و مێژووییە، پێویستە وەکو میراتێکی مێژوویی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت و بکرێتە مۆزەخانە.
 
مەحکەمەی پێشەوا قازی محەممەد لە نێوەڕاستی شاری مهابادە. دانیشتووانی شارەکە دەڵێن، ئەو شوێنە تەنیا موڵک و باڵەخانەیەکی کۆنی ئاسایی نییە، موڵکی گشتیی هەموو خەڵکە و داوا دەکەن، وەکو میراتێکی گەورەی نیشتمانی و مێژوویی شارەکە بپارێزرێت.
 
عەبدوڵڵا قازیزادە، دانیشتووی مهاباد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، داواکارن دەست لەو شوێنە مێژووییانە نەدرێت. دەشڵێت، پێویستە ئەو شوێنانە نۆژەن بکرێنەوە، نەک بڕووخێندرێن و بکرێنە باڵەخانە.
 
شوێنەکە پێش قازی محەممەدیش لەلایەن بنەماڵەی قازییەوە بەکارهێندراوە. لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی 19دا مەحکەمەی میرزا قاسمی قازی و ناوەندی ئیداریی مهاباد بووە. دواتر لە سەردەمی قازی عەلی‌دا شوێنی کۆکەرەوە و پەروەردەی زانا، شاعیر و ئەدیبانی هەموو کوردستان بووە. لە سەردەمی پێشەوا قازی محەممەدیشدا، ناوەندی دادوەری و هەروەها دواتر وەکو نووسینگەی سەرۆککۆماری کوردستان بەکارهاتووە.
 
ئەو موڵکە پشتاوپشت موڵکی بنەماڵەی قازی بووە و دانیشتووانی مهاباد دەڵێن، ئەگەرچی موڵکی بنەماڵەییە، بەڵام هەموو خەڵک بە موڵکی خۆیانی دەزانن و داوا دەکەن کڕین و فرۆشتنی پێوە نەکرێت.
 
نووری حەمزەپوور، هونەرمەند لە مهاباد بە رووداوی گوت، شوێنە مێژووییەکان تەنیا موڵکی میراتگرەکان نین و هەموو خەڵک بە موڵکی خۆیانی دەزانن. دەشڵێت، خەڵک پێیان باشە ئەو شوێنە مێژووییانە بپارێزرێن.
 
مەحکەمە و ماڵی پێشەوا قازی محەممەد ئێستا چۆڵە، بەڵام هاونیشتمانییان چاوەڕوانن وەکو میراتێکی کولتووری و نەتەوەیی بپارێزرێت و بکرێتە مۆزەخانەیەک و رێگە بدرێت خەڵک سەردانی بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە