ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەغدا: پێویستە تەواوی مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئاب بەپەلە رەوانە بکەن

04-09-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پێویستە لە سەر وەزارەتی دارایی فيدراڵ تەواوکاریی مووچەی مانگی تەممووز و ئابی 2024 بەپەلە رەوانە بکات تاوەکو بتوانن لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچەی مانگی ئاب خەرج بکات.
 
رۆژی چوارشەممە 4ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکانی راسپارد کە بەردەوام بن لە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردوولا و تەواوکردنی تۆماری بایۆمەتری و پێدانی ژمارەی وەزیفی بە هەموو مووچەخۆران و پەلەکردن لە چالاککردنی بە ئەليکترۆنیکردنی سیستمی پێدانی مووچە.
 
"لەبەرامبەریشدا پێویستە لە سەر وەزارەتی دارایی فيدراڵ تەواوکاریی مووچەی مانگی تەممووز و ئابی 2024 بە پەلە رەوانە بکەن تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئابن." ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران باسی بە گرێبەستکردنی وانەبێژان کردووە و  پیرۆزبایی لێکردوون کە بڕیاردرا لە سەر داهاتی ناوخۆ بکرێنە گرێبەست. "هیوای خواست ئەم بڕیارە مایەی رەزامەندی مامۆستایانی وانەبێژ بێت و ببێتە هۆی زیاتر هاندانیان بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها پیرۆزبایی لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەنگی لەسەردرا و پەسند کرا. "لە سەر ئاستی حکومەتی فیدڕاڵیش دواجار توانرا بگەینە رێککەوتن و لەم مانگەوە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵ وەرگرت."
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەتیی ئەنجوومەنی ئابووریی وەزاریی فیدراڵ كرد کە وا بڕیارە لەم رۆژانەدا لە هەولێر تایبەت بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وەزارەتەکانی هەردوولا ئەنجام بدرێت. "ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیی گەرمیی لە سازدانی ئەم کۆبوونەوەیە لە هەولێر، لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم کۆبوونەوەیە بە دەرفەتێکی پڕ بایەخ دەزانێت تاوەکو لە نزیکەوە رووبەڕوو وەزیرانی پەیوەندیداری لە هەردوولا گفتوگۆی جیدیی لەسەر دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لا بکەن کە تائێستا چارەسەر نەکراون لە گشت بوار و کەرتەکاندا."
 
ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی وبەدواداچوون و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ ئامادەکاریی پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی فیدڕاڵیی ئابووری، هەروەها وەزیرەکانیش راسپێردران بە پێی تایبەتمەندییان، "پێویستە دۆسیەی خۆیان ئامادە بکەن لەگەڵ خستنەڕووی پێشنیار و راسپاردەی هاوسەنگ و پێویست بە رەچاوکردنی دەسەڵاتە جێگیرکراوەکانی هاتوو لە دەستووریی عێراق لە پێناوی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان و رەخساندنی بواری زیاتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی نێوان هەردوو حکومەت لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان و باشترکردنی بژێوی ژیانیان لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.