سێنتکۆم: پابەندین بە پشتیوانیکردنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان

04-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە. 
 
هێزە ئەمریکییەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، باس لە سەردانەکەی رۆژی سێشەممەی براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات. 
 
سێنتکۆم دەڵێت، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "کووپەر تیشکی خستە سەر رۆڵی هەرێمی کوردستان و گوتی: ئەوان هاوپەیمان و هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکان لەم ناوچەیە و ئێمەش لێرە پابەندین بە پشتیوانیکردن لە ئاسایش و ئارامیی هاوپەیمانەکانمان."
 
سەردانەکەی کووپەر بۆ هەولێر، بە گوتەی سێنتکۆم، لە چواچێوەی بەسەرکردنەوەی تەواوی ناوچەی کاری سێنتکۆم بوو، کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەشێکی نێوەڕاستی ئاسیا دەگرێتەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە پلەدارانی سەربازی و راوێژکارانی ئەمریکی ئامادە بوون، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاسایش و سەربازیدا، تاوتوێ کران.

 

بەپێی راگەیێندراوێکی رۆژی سێشەممەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان "لەبارەی مەترسییەکانی داعش و هەڕەشەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و سووریا کرد. هاوکات، هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازی و ئەمنییەکان، تەوەرێکی گرنگی گفتوگۆکان بوو."
 
لە کۆبوونەوەکەیاند، نێچیرڤان بارزانی "سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوکاری و پشتگیریی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە تێکشکاندنی داعش و پێشکێشکردنی یارمەتی و مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە و هاوکاریکردنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە."
 
وەک لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی هاوپەیمانی و هاریکاریی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا دووپات کردەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، کە وێندی گرین، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دۆخی سووریا، دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە