رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، بەپێی ئەو پلانەی کە دانراوە ئەمڕۆ کۆنگرەی چواردەی پارتی تەواو دەبێت و دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەکان، پەیڕەو و پرۆگرامی حیزبەکە پەسند دەکرێت. هەروەها نێچیرڤان بارزانی پێشنیازی بۆ سەرۆک بارزانی کردووە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی نەخرێنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی.
سەرۆک بارزانیش پێشنیازەکەی پەسندکردووە، بڕیار وایە کە سەرۆک بارزانیش پێشنیازە بخاتە بەردەم ئەندامانی کۆنگرە. بەمەش بە دەنگدانی راستەوخۆ دەبنەوە ئەندامی سەرکردایەتی.
رۆژی پێنجشەممە بەربژێرانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی فۆرمیان پڕکردووەتەوە، بە گوتەی جەعفەر ئیمنکی، ئەندامی کۆنگرەی پارتی، ئەمڕۆ بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەنگ بە بەربژێران دەدرێت و بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، رەنگە هەر ئەمڕۆ بەربژێرە دەرچووەکان رابگەیێندرێن.
جەعفەر ئیمنکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 132 کەس خۆیان بۆ بوونە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی بەربژێر کردووە، هەروەها رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە 10٪ بۆ 15٪ بەرزکرایەوە.
ئەگەری زۆرە دوای راگەیاندنی لیستەکەی سەرۆک بارزانی کە ناوی 130 بەربژێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی تێدایە، بەشێکی زۆری ئەو بەربژێرانەی کە ناویان لە لیستەکەدا نییە خۆیان لە بەربژێریی بکێشنەوە.
فەرمان زراری، ئەندامی کۆنگرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر بڕیاری لیژنەی باڵای کۆنگرە چوار لیژنە پێکهێنراون، لیژنەی پەیڕەو، پڕۆگرام، سکاڵا و یاسایی و لیژنەکان ئامادەکارییان کردووە خوێندنەوە بۆ راپۆرتەکانیان دەکرێت.
ئەمڕۆ هەینی 04-11-2022 دووەم رۆژی کۆنگرەی پارتی لە دهۆک بەڕێوەدەچێت. دوێنێ سەرۆک مەسعود بارزانی بە سەرۆک و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی پارتی هەڵبژێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ