بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەکچی: 95٪ی گەڕەکەکانمان خزمەتگوزارییان بۆ کراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەکچی لە سنووری پارێزگای دهۆک رایدەگەیێنێت، زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سەنتەری ناحیەکە تەواو بوون، بەجۆرێک 95٪ی گەڕەکەکان قیرتاوکراون و لەکۆی 12 گوندیش تەنیا یەک گوند ماوە رێگەکەی قیرتاو بکرێت.
 
هەڤاڵ ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەکچی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو رایگەیاند: "لە پلانماندایە هیچ شوێنێک لە سنووری ناحیەی کەڵەکچی بێ خزمەتگوزاری نەمێنێت."
 
سەبارەت بە رێگەوبانی گوندەکان، هەڤاڵ ئاکرەیی گوتی: "توانیومانە رێگەی 11 گوند بە درێژی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر قیرتاو بکەین کە تێچووەکەی سێ ملیار دینار بووە، ئێستا تەنیا یەک گوند ماوە و کۆمپانیا کاری تێدا دەکات بۆ ئەوەی ئەویش تەواو بکرێت."
 
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەکە، لەنێو سەنتەری ناحیەی کەڵەکچی بە گوژمەی نزیکەی سێ ملیار دینار پڕۆژە کراون و ئێستا 95٪ی گەڕەکەکان خزمەتگوزاریی پێویستیان پێگەیشتووە.
 
بەشێک لە پڕۆژەکانی ئەو سنوورە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە دوای ساڵی 2014ـەوە راگیرابوون. بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەکچی ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەیەکی گرنگی قیرکردن کە ماوەی 12 ساڵ بوو راوەستابوو، ئێستا بە گوژمەی دوو ملیار دینار وەگەڕخراوەتەوە.
 
لەبارەی سێکتەری پەروەردە و وەرزش، هەڤاڵ ئاکرەیی بە رووداوی راگەیاند، لە چەند ساڵی رابردوودا پێنج ملیار دینار بۆ کەرتی پەروەردە خەرجکراوە؛ دوو قوتابخانەی 12 پۆلی تەواو بوون و یەکێکی 18 پۆلیش لە قۆناخی جێبەجێکردندایە. هەروەها یاریگایەکی وەرزشی بە تێچووی یەک ملیار دینار بۆ گەنجانی ناحیەکە دروستکراوە.
 
ناحیەی کەڵەکچی ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 52 هەزار کەسە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، دوو بنکەی تەندروستی هەن کە "بەشی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووان ناکەن"، بۆیە لە هەوڵدان نەخۆشخانەیەکی گشتی لە ناحیەکە دروست بکرێت.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەکچی پلانی ئاییندەی ئاشکرا کرد و گوتی، هەوڵی دروستکردنی پردێک دەدەن بۆ بەستنەوەی قەزای شێخان و بەردەڕەش بەیەکەوە، هەروەها بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی، پلان هەیە پارکێکی گشتی بە گوژمەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینار دروستبکرێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە