مەسرور بارزانی لە دهۆکەوە: گوتارمان نییە؛ کردارەکانمان گوتاری ئێمەن

04-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی رایگەیاند، بۆ ئەوەی دەستکەوتی زیاتریان هەبێت، دەبێت پارتی لە بەغدا بەهێز بێت و بەشدارییەکی کاریگەریان لە پەرلەمانی عێراق هەبێت.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 11-04-2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکەی دا لە دهۆک گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی: "گوتارمان نییە، چونکە بەڕاستی کردارەکانمان گوتاری ئێمەن؛ ئەو شتانەی پێش ئێستا کردوومانە، شاهێدی ئەوەن کە چۆن پارتی توانیویەتی خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات."
 
مەسرور بارزانی، باسی گرنگیی بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردن و دەنگدان بەو حیزبە کرد و گوتی: "لەسەر دووڕیانێک وەستاوین کە گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی نێوخۆ و جیهان بەردەوامن؛ پێویستە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بپارێزین و بەرەوپێشەوە بچێت تاوەکو دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنین، پێویستە لە بەغدا بەهێز بین و بەشدارییەکی کارامان هەبێت لە پەرلەمانی عێراق، چونکە زۆر کەس بوختانیان بە پارتی کرد، قسەی ناحەقیان کردووە و شتی ناڕاستیان گوت. لێرەدا پێویست نییە وەڵامیان بدەینەوە، چونکە وەڵامی نەزانان بێدەنگییە."
 
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، رووی لە ئامادەبووان کرد و گوتی: "لەسەر ئاستی نێوخۆ هەوڵیاندا دەستکەوتەکانمان رابگرن، نەیانتوانی. ئێستا پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ رکابەرێکی نەماوە، بۆیە هەوڵیاندا لە رێگەی دیکەوە و دروستکردنی هاوپەیمانیێتی لەگەڵ ناحەزانی کوردستان، فشارێکی زۆریان لەسەر هەرێمی کوردستان و پارتی بەتایبەتی دروست کرد، چونکە هەستیان دەکرد سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بە پشتیوانیی ئێوە پلانەکانیان سەری نەگرت. زۆر کەس ئێستا دەڵێن دەنگی خۆتان بە ئێمە بدەن، ئێمە هێز و دەنگی ئێوەین، بەڵام بینیتان ئەو شوێنەی پارتی لێ نەبێت، نە کەس هێزی هەبوو، نە کەس دەنگی هەبوو، نە خۆشیان کردە قوربانی بۆ کوردستان. بەڵام هەر شوێنێک پارتی لێبێت، ئارامی، ئاوەدانی و ئاشتیی لێیە و کوردستان پارێزراوە."
 
سەبارەت بە پێکەوەژیان و پێکهاتەکان، مەسرور بارزانی گوتی: "هەوڵیاندا گۆڕانکاری لە یاسا بکەن و کورسیی کۆتاکانی کریستیان و تورکمانەکان کەم بکەنەوە. لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، ئیزدییەکان و کریستیانەکان کورسییەکانیان کەم کرایەوە. ئەوەی کە ماوەتەوە، بەهۆی پارتییەوە مایەوە، چونکە پارتی مکوڕ بوو لەسەر پاراستنی مافی پێکهاتەکان. پارتی خەبات بۆ پێکەوەژیان، ئاشتی و مافی هەموو نەتەوەکان دەکات؛ نەک تەنیا بۆ ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین، بەڵکو هەموو ئەو ستەملێکراوانەی لە عێراق پەنایان بۆ کوردستان هێناوە. ئەمجارە بەربژێرەکانمان پارێزگاری لە مافی هەموو خەڵکی عێراق دەکەن."
 
مەسرور بارزانی، باسی گوشارەکانی بەغدای بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "فشاری ئابووری لەلایەن بەغداوە خرایە سەر هەرێمی کوردستان؛ بودجەیان بڕی، نەوتیان راگرت، هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بە ئێستاشەوە. دادگەیان دژی ئێمە بەکارهێنا و هێرشی درۆنی کرایە سەرمان. بۆ ئەوەی نەهێڵین ئەو سیاسەتە دژی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، دەبێت لە عێراق بین بۆ ئەوەی خۆمان بڕیار بدەین و چارەنووسی هەرێمی کوردستان بپارێزین و نەهێڵین پیلانی بۆ دابڕێژن."
 
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "زۆر بەرنامەمان بۆ فراوانکردنی ئابووریی کوردستان هەبوون، بۆ ئەوەی بە تەنیا تەرکیزمان لەسەر یەک شت نەبێت. ئەو کارانەی بۆ پێشخستنی ژێرخانی کوردستان کراون دیارن؛ ئێستا بەرهەمی جووتیارانی کوردستان ساخدەکرێنەوە و لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان فێستیڤاڵ دەکرێت. دەرگا کراوەتەوە بۆ ناردنی بەرهەمەکان بۆ دەرەوە. زۆر کەس پڕۆژەی رووناکییان بە خەون دەزانی، بەڵام ئێستا پڕۆژەی رووناکی بووەتە راستی. پارێزگای دهۆک و زۆر شوێنی دیکە سوودمەند بوون و ساڵێکی دیکە هەموو هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری. بۆ نەهێشتنی قەیرانی ئاو، بەنداوی زۆر دروستکراون و بەردەوام دەبین لە دروستکردنیان".
 
مەسرور بارزانی، داوای لە هەموو خەڵکی دهۆک کرد دووبارە باوەڕیان پێبکەن و رایگەیاند، کردەوەکانیان شایەتن و بەردەوام دەبن لە خزمەتی هاووڵاتییان.
 
سەبارەت بە هەلی کار بۆ گەنجان، مەسرور بارزانی گوتی، "بۆ ئەوەی گەنجەکانمان لە کەرتی گشتی دابمەزرێن، دەبێت یاساکانی حکومەتی فیدراڵی بگۆڕدرێن، چونکە ئەوان ئێستا رێگرن. دەبێت بەربژێرەکانمان لەم خولە ئەو کارە بکەن و بە یەک چاو سەیری خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بکرێت و ئەوانەی پێویستە لە کەرتی تایبەت دابمەزرێن، سوودمەند بن لە دامەزراندن، بەڵام گرنگیی زۆرمان بە کەرتی تایبەت داوە و هەلمان بۆ رەخساندوون؛ کەس وڵاتمان ئاوەدان ناکاتەوە ئەگەر خۆمان نەیکەین. هێزی کوردستان پارتییە، هێزی پارتیش ئێوەن."
 
دەقی گوتاری مەسرور بارزانی:
 
بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
جەماوەری تێكۆشەر و قارەمانی دهۆك و سێمێل و شێخان و بەردەڕەش و ئاكرێ و ئامێدی و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ،
قارەمانانی بادینان و قەڵای كوردایەتی و پارتایەتی، ئێوە هەموو بەخێر بێن سەرسەر و سەرچاوان.
 
سڵاوی خودای مەزن لە ئێوە هەمووان بێت و سڵاوی مەرجەعی كورد و كوردستان جەنابی سەرۆك بارزانی بە ئێوە هەموان دەگەیەنم. من گەلێك سوپاسی برای خۆشەویستم كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم دەكەم بۆ ئەو پەیڤە جوانانە كە بەڕاستی ئەمە پەیڤی پارتی و پەیامی پارتییە لە جیاتی ئێمە هەموان بە ئێوەی گەیاند و هیوادارین ئێوە هەمووان پێكەوە پشتیوانی پەیامی پارتی بن بۆ سەرخستنی لیستی 275، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان. سوپاسی ئامادەبوونی ئێوە دەكەین، سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی ئێوە دەكەین، سوپاسی ئەو باوەڕە دەكەین كە ئێوە بە ئێمەتان داوە و بەردەوامن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە خزمەتتاندا بین. 
 
لێرە بە ناوی ئێوە هەموان، داوا لە بەربژێرانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵسنەوە سەرپێ و ئێمە هەموان پێكڕا بەخێرهاتنێكی گەرمی كاندیدانی پارتی بكەین، گەلێك بەخێر بێن. 
 
خوشك و برایانی هێژا:
 
ئێمە گوتارمان نییە، چونكە بەڕاستی كردارەكانی ئێمە گوتاری ئێمەیە، ئەو شتانەی ئێمە پێش ئێستا كردمان، شاهێدی ئەوەیە كە پارتی چۆن توانیویەتی خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات، هەروەك برای خۆشەویستم کاک نێچیرڤان گوتی، هەزار گوتار قوربانی كردارێك بێت، كرداری پارتی هێندە زۆرن ئێمە لە بەیانی هەتا ئێوارە حەز دەكەی بۆتان باس دەكەین و هێشتا دواییان نایەت. 
 
لێرەدا من پێم خۆشە بڵێم كە بۆچی پێویستە ئێمە بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە بكەین و بۆ پێویستە دەنگی خۆمان بدەینە پارتی؟ ئێمە لەسەر دووڕیانێك راوەستاوین، گۆڕانكاری لەسەر ئاستی ناوخۆ و لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان بەردەوام هەیە، پێویستە بۆ ئەوەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بپارێزرێ و بەرەوپێشتر بچێت، بۆ ئەوەی دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنین، پێویستە ئێمە لە بەغدا بەهێز بین و بەشدارییەكی كارامان هەبێت لە پەرلەمانی عێراق. زۆر لایەن هەبووە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی حكوومەتی فیدراڵ، هەوڵی ئەوەیان داوە كە نەهێڵن هەرێمی كوردستان بگاتە ئامانج و مەبەستەکانی خۆی، بەڵام سوپاس بۆ خودا و پشتیوانیی ئێوە، ئێمە بەردەوام بووین لە پێشكەوتن و ڕانەوەستاوین، ئینشائەڵا ڕاناوەستین. زۆر كەس قسەیان دەرهەق بە پارتی كرد و ناهەقییان كرد، بوختانیان پێ كردین و شتی ناڕاستیان گوت، لێرەدا پێویست نییە وەڵامی ئەوان بدەینەوە، چونكە وەڵامی نەزانان بێدەنگییە. 
 
جەماوەری قارەمانی دەڤەری بادینان:
 
لەسەر ئاستی ناوخۆ زۆر هەوڵیان دا بۆ ئەوەی دەستكەوتەكانی ئێمە ڕابگرن، بەڵام لێرە پێیان نەكرا، چونكە ئەمڕۆ لە كوردستاندا پارتی تاكە حزبە كە هیچ مونافس و ركابەرێكی لەسەر ئاستی كوردستان نەماوە، بۆیە هەوڵیان دا لە ڕێگەی دیكە و بە دروستكردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ناحەزانی كوردستان، گەلێك فشار بخەنە سەر هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی لەسەر پارتی، چونكە هەموو كاتێك وایان دەبینی كە سەركەوتنی پارتی سەركەوتنی كوردستانە و بۆ ئەوەی پارتی سەرنەكەوێت، هەموویان پیلانیان گێڕا بۆ ئەوەی كوردستان سەرنەكەوێت، بەڵام دیسان بە پشتیوانیی ئێوە و پشتیوانیی خوا، پیلانی ئەوان سەرنەكەوت و كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەو سەركەوتنی مەزنتر هەنگاوی هاوێشت و ئێمە لەو باوەڕەین كە پشتیوانیی ئێوە و باوەڕی ئێوە بە پارتی، رۆژ بە رۆژ سەركەوتنی مەزنتریش ئینشائەڵا بەدەست دەهێنین.
 
گەلێك کەس ئێستا دەڵێن دەنگی خۆتان بە ئێمە بدەن چونكە ئێمە هێزی ئێوەین و دەنگی ئێوەین، بەڵام ئەو جێیەی پارتی لێ نەبوو، ئێمە بینیمان، نە كەسێك هیچ هێزی هەبوو، نە كەسێك هیچ دەنگی هەبوو، نە كەسیش ئامادە بوو لەسەر كوردستان خۆی بكاتە قوربانی، تەنیا لەو شوێنەی پارتی لێیە بەرگریی لە كوردستان دەكرێ، ئەو جێیەی پارتی لێیە ئاشتی ئارامی و ئاوەدانی هەیە.
 
گەلێك لایەن هەوڵیان دا بۆ ئەوەی ركابەریی پارتی بكرێت و گۆڕانكاری لە یاسادا بكرێت، كۆتای خوشك و برایانی كریستیان و توركمانمان بگۆڕدرێن و كەم بكرێنەوە، بەداخەوە ئێمە دیتمان لە هەڵبژاردنی رابردوو، لەسەر ئاستی كوردستان كۆتای خوشك و براكانمان لە كریستیان و توركمان زۆر كەم بوون، ئەوەیشی مایەوە لەبەر پارتی مانەوە، چونكە پارتی پێداگری لەسەر ئەوە كرد كە پێویستە مافی خوشك و برا كریستیان و توركمانەكانمان بپارێزرێت. پارتی باوەڕی بە پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوەكان هەیە، پارتی باوەڕی بە ئاشتی و سەقامگیری هەیە، پارتی خەبات دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی هەموو نەتەوەیەك نەك تەنیا هی كوردان، نەك بە تەنیا مافی ئەو نەتەوانەی كە ئێستا لە كوردستان دەژین، بەڵكوو پارتی ئەمجارە بڕیارەكەی ئەوەیە و ڕێنمایی جەنابی سەرۆكمان ئەوەیە كە پارتی بەرگریی لە مافی هەموو ستەملێكراوێك بكەن، هەموو خەڵكێك بكەن كە ئێستا لە عێراقدا پەنایان هێناوەتە بەر كوردستان و داوا دەكەن كوردستان بەرگریی لە مافەكانی ئەوانیش بكات، لەبەر ئەوە ئەمجارە كاندیدانی ئێمە، بەربژێرانی ئێمە لە پەرلەمانی عێراق دەبێ بەرگریی لە مافی هەموو خەڵكی عێراق بكەن.
 
لەسەر ئاستی بەغدا دیسان فشارێكی زۆریان لەسەر هەرێم دروست كرد، فشاری ئابوورییان لەسەرمان دروست كرد، بودجەی هەرێمیان بڕی، نەوتی ئێمەیان راگرت، هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا و جوگرافیای كوردستانە تا ئێستاش، دادگایان لە دژمان بەكار هێنا، هێرشی درۆنی لە دژی هەرێمی كوردستان كرا، بۆ ئەوەی ئێمە وا نەكەین كە سیاسەتی دژایەتیكردنی هەرێم بەردەوام بێت، پێویستە ئێمە خۆمان لە بەغدا بین لە ناوەندی بڕیار تا رێگە نەدەین خەڵكێكی دیكە لە جیاتی ئێمە بڕیار بدات، خەڵكێكی دی لە جیاتی ئێمە لەسەر چارەنووسی هەرێمی كوردستان پیلان بگێڕێت و نەهێڵێت كوردستان بگاتە مافەكانی خۆی، بوونی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا هەموو ئەو پیلانانە ئینشائەڵا تێكدەدەین و وا دەكەین كوردستان ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و پێشكەوتن لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ ئەوەی كوردستان پارێزراو بێت، پێویستە پارتی بەهێز بێت، پێویستە پارتی پارێزراو بێت، سەنەدی پاراستنی پارتی خەڵكی دڵسۆز و وەفاداری رێبازی بارزانی و پارتییە. 
 
خوشك و برایانی هێژا:
 
من دەزانم خەڵكی دەڤەری بادینان بە شێوەیەكی گشتی مەغدوور بووە، وەكوو پێویست خزمەتی خەڵكی ئێمە نەكراوە، ئەویش دوژمن و ناحەزانی ئێمە هەموو كاتێك ڕێگر بوون لەوەی هەموو شایستە داراییەكان و مافەكانی خەڵكی كوردستان وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن. بەڵام ئێمە گوێی خۆمان بە ئێوە دا، گوێی خۆمان بە گازاندەكانتان دا و هەموومان لەبەرچاو گرتن، حكوومەت یەك لە دوای یەك، پارتی دیموكراتی كوردستان سەرپەرشتیی كردووە و بەڕێوەی بردووە، لە رۆژی سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، بەردی بناخەی ئاوەدانیی كوردستانی داناوە و ئێستاش ئێمە بەردەوامین بۆ پێشكەشكردنی خزمەت و بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانی هەموو مافەكانی ئێوە و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشكەشی ئێوە دەكەین. 
 
شەڕی داعش كرا، شەڕی ئەو ناحەزانە كرا كە تەماعیی داگیركردنی كوردستانیان هەبوو، قوربانیدانی پێشمەرگە، خەبات و ماندووبوونی ئێوە لەبیر ناكرێت. لێرە داوا لە ئێوە هەموان دەكەم، ئێمە سەری ڕێز و نەوازش بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دانەوێنین و سوپاسێكی گەرمی پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزەكانی ئاسایش و ئەمنیەتی هەرێمی كوردستان بكەین، سوپاسی هەموان دەكەین، دەستخۆشی لە خزمەت و ماندووبوونی پێشمەرگە دەكەین. 
 
ئەو بەرنامانەی كە تا ئێستا حكوومەتی هەرێم پێشكەشی ئێوەی كردووە زۆرن، ئێمەش هیچ جارێك خزمەتكردنمان بە منەت نەزانیوە و هەموو كاتێك بە ئەركی خۆمان زانیوە، ئەركمان ئەوە بووە كە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین. زۆر بەرنامەمان هەبوو بۆ ئەوەی ئابووریی كوردستان فراوانتر ببێت و تەنیا پشت بە شتێك بە تەنیا نەبەستین، ئەو كارانەی كە كراون بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان دیارن، چی دی جووتیارانمان ناچار نین بەرهەمەكانی خۆیان فڕێ بدەن، سوپاس بۆ خوا ئێستا بەرهەمی جووتیارانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان ساخ دەكرێتەوە، دەبینین فێستیڤاڵ لە هەموو شارەكانی كوردستان دەكرێنەوە و دەرگای هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ وڵاتانی دەرەوەش كراوەتەوە. 
 
پڕۆژەی رووناكی یەكێكە لەو پڕۆژانەی كە زۆران بە خەونیان دەزانی، بەڵام بە خۆڕاگریی میللەتی ئێمە، ئیرادەی پارتی، پشوودرێژیی ئێوە، ماندووبوونی ئێوە و پشتیوانیی ئێوە، بە زەحمەت و خەباتی گەنجانی پارتی، پرۆژەی رووناكی بوو بە راستی و ئەمڕۆ شاری دهۆك و زۆر شاری دیكە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێرین و هیوای ئێمە ئەوەیە و ئینشائەڵا ساڵی داهاتوو هەموو كوردستان دەبێتە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێری. 
 
پڕۆژەی ئاو زۆر دروست كران، بەنداو زۆر دروست كران، بەردەوامیش دەبین بۆ دروستكردنی بەنداو و نەهێشتنی قەیرانی ئاو لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان. 
 
كەرتی پیشەسازی یەكێكە لەو كەرتانەی كە لە لای ئێمە زۆر گرنگە زیاتر گرنگی پێ بدەین و لە بەرنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندایە كە گرنگیی بە كەرتی پیشەسازی بدەین چونكە هەلی كاری زۆر زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان و بە تایبەت گەنجان دەڕەخسێنێت.
 
لە گەشتوگوزاری كوردستان زۆر جێی سەرنجڕاكێش و خۆش هەیە، لە بەرنامەی حكوومەتدایە كە گرنگیی بەو شوێنەوارانەی كوردستان بدەین كە بەكار دێن بۆ گەشتوگوزاری و تا ئێستا دەبینن چەندین پرۆژە لەسەر ئاستی هەموو كوردستان بێ فەرقوجودایی كراون و بێگومان دەڤەری بادینان دەڤەرێكی زۆر خۆش و جوان و سەرنجڕاكێشە و گرنگییەكی زۆر زیاتریش بە كەرتی كشتوكاڵی لەم دەڤەرەش دەدەین.
 
ڕێگە و پرد، ئێستا ئەگەر بەراورد بكەن لە نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوچەكان و بەشەكانی دیكەی عێراق، ئێوە دەبینن كە هەرێمی كوردستان پێشكەوتنێكی زۆر زیاتری بە خۆیەوە دیوە و ئەو پرۆژانەش بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی ئاسانكاریی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكرێن، ئاسانكاری بۆ هاتوچۆ و سەلامەتیی هاووڵاتیان بكرێن، دیسان ئەو پرۆژانەش چەندیان كراون، هێندەی دیكە لە ڕێگەدان و بەردەوام دەبن. 
 
پڕۆژەی هەژماری من یەكێكە لەو پرۆژانەی كە زۆر گرنگە بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئابووری و كردنەوەی دەروازە بۆ گەنجانی ئێمە تاوەكوو ببنە خاوەن بزنسی خۆیان یان دەتوانن قەرزی بانكی وەربگرن و زیاتر سوود لەو خزمەتگوزارییە بكەن كە لە سیستەمی بانكیدا حكوومەتی هەرێم پێشكەش بە هاووڵاتیان دەیكات.
 
هیوای ئێمە ئەوەیە كە چەندە ئەو بەرنامە و خزمەتگوزارییانەی پێشكەش دەكرێن، بەردەوام بن بە پشتیوانیی ئێوە، ئێستاش هیوادارم ئێمە بتوانین جێی باوەڕی ئێوە بین، ئەو باوەڕەی ئێوە بە ئێمەتان داوە، ئێمە بتوانین ئەو ئەمانەتە رابگرین و لە خزمەتی ئێوەدا بین. ئێستاش داوای من لە ئێوە ئەوەیە، ئەگەر ئێوە دیسان باوەڕی خۆتان بدەن بە ئێمە، من دەڵێم كرداری ئێمە شاهێدی ئەوەن كە ئێمەش دەتوانین بەردەوام بین لە خزمەتكردنی ئێوە.
 
پارتی لە ڕابردوو قوربانیی زۆری داوە، پارتی ئێستا دەستكەوتی زۆری هەیە كە پێشكەشی ئێوەی كردووە و پارتی بۆ پاشەڕۆژ بەرنامەی زۆر زیاتری هەیە بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكی خۆمان و بۆ بەهێزكردنی كوردستانی خۆمان، بەڵام بۆ ئەوەی بەرەو پاشەڕۆژ بچین، بەرەو ئاییندەی رووناكتر بچین، پێویستە ئێمە پێكەوە بچین. پارتی جودا نییە لە ئێوە، پارتی بەشێكە لە ئێوە و ئێوە هێزی پارتین، ئەگەر ئێوە دەتانەوێ كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەوپێشتر بچێت، سەركەوتووتر بێت، دەنگی خۆتان بدەنە پارتی تا پارتی سەربكەوێت و ئێوەش سەربكەون و لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمجارە لەو پەرلەمانە سەربكەوێت، گەرەنتیی ئەوە دەدات كە زیاتر پارتی بكەوێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان. 
 
پارتی هەموو كاتێك لەگەڵ هێز و وزەی گەنجاندا بووە، لەگەڵ وەرزشوانان بووە، لەگەڵ هونەرمەندان بووە، ئەم یاریگایە یاریگایەكە كە گەنجانی ئێمە زۆر سەركەوتنیان تێدا تۆمار كردووە. ئێمە وەكوو پارتی و وەكوو حكوومەتیش بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردنی وەرزش و وەرزشوانان بۆ ئەوەی سەری كورد و كوردستان لە دونیا بەرز بكەین ئینشائەڵا. گەنجانی ئێمە گەلێك حەز دەكەن دابمەزرێندرێن چ لە كەرتی گشتی و چ لە كەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی لە كەرتی گشتی دابمەزرێن، پێویستە یاساكانی حكوومەتی فیدرالی بگۆڕدرێن و ئەو ڕێگرییانە هەڵبگیرێن كە ئێستا لە ئاستی حكوومەتی فیدرالی هەیە و ناهێڵن خەڵكی كوردستان دابمەزرێن، ئەمە ئەركی كاندیدانی پارتییە لە پەرلەمانی عێراق كە وا بكەن بە چاوێكی یەكسان سەیری هەموو خەڵكی عێراق بكەن و خەڵكی كوردستانیش سوود لە دامەزراندن وەربگرن و ئەوانەی كە پێویستە لە كەرتی گشتی وەربگیرێن، ڕێگە هەبێت دابمەزرێندرێن. بەڵام لە هەمان كاتدا پارتی رانەوەستاوە، گرنگییەكی زۆرمان بە كەرتی تایبەت داوە، چونكە دەرفەتێكی زۆر لە كەرتی تایبەتیش هەیە. داخوازیی ئێمە لە گەنجانمان، لە خوشك و برایانمان ئەوەیە ئامادە بن و پێیان خۆش بێت كار بكەن بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵاتی خۆیان. كەس وڵاتمان ئاوەدان ناكاتەوە ئێمە خۆمان نەبین، كەس پشتمان ناگرێت ئەگەر خۆمان بەهێز نەبێت. بۆیە هێزی كوردستان لە هێزی پارتیدایە، هێزی پارتی لە ئێوەدایە، ئێوە بەهێز بن، ئێوە سەركەوتوو بن، پارتی سەركەوتوو دەبێت و كوردستان سەركەوتوو دەبێت. 
 
لە كۆتاییدا چەند پەیڤێكتان پێشكەش دەكەم:
پێشمەرگێت ڤی وڵاتی
سەربەرزین ئەم پارتینە
فرە نەتەوە و ئایین
پێكڤە كوردستانینە
ئەلهویێ چیایێ بڵند
شێرێت دۆڵ و نهالا
جانگوریێت گەلێ خۆ
مە بڵند ڕاگرت ئاڵا
 
بۆ ئەوەی ئاڵای پارتی و كوردستان هەر بڵند و بڵندتر بێت، دەنگی خۆتان بدەنە لیستی 275، دەنگی خۆتان بدەنە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێوە هەر هەبن، هەر ساخ و سەركەوتوو بن، كوردستان هەر ئاوەدان بێت، سەركەوتن بۆ پارتی، سەركەوتن بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، سەركەوتن بۆ كوردستان، ئاوەدان بێت كوردستان. گەلێك سوپاسی ئێوە هەموان دەكەم، زۆر سوپاس.

 

 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.