قایمقامی پێنجوێن: رێگەی باشماخ 90٪ـی تەواو بووە و دوو پرۆژەی پترۆدۆلاریش وەگەڕ دەخرێنەوە

03-12-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای پێنجوێن ئاشکرای دەکات، کارەکانی رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە قۆناخی کۆتاییدایە و دیزاینی رێگەی پێنجوێن - سەیدسادقیش گۆڕانکاری تێدادەکرێت بۆ ئەوەی بکرێتە دووساید. هاوکات رایدەگەیەنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە قۆناخی کۆتاییدان.
 
هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداو رایگەیاند، سەرەڕای قەیرانی دارایی، گرنگییەکی زۆر بە کەرتی رێگەوبان لە سنوورەکە دراوە.
 
رێگەی باشماخ و گۆڕینی دیزاینی رێگەی پێنجوێن-سەیدسادق
 
سەبارەت بە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، هێمن ئیبراهیم گوتی: "رێگەکە کە درێژییەکەی 10 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 35 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، 90٪ـی کارەکانی تەواو بووە و ئێستا هاتووچۆی تێدا دەکرێت، تەنیا بەشێکی کەم لە هێڵکاری و دانانی گاردرێڵ ماوە."
 
قایمقامی پێنجوێن لەبارەی رێگەی ستراتیژیی (پێنجوێن - سەیدسادق)ـەوە روونیکردەوە، بەهۆی بەرزیی تێچووەکەی کە نزیکەی 278 ملیار دینار بوو و بوونی سێ کیلۆمەتر تونێل تێیدا، پڕۆژەکە لە ساڵی 2013ـەوە وەستابوو.
 
بە گوتەی ناوبراو: "خۆشبەختانە  بە هەوڵی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نوسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران گۆڕانکاری لە دیزاین و دەرخستەی پڕۆژەکەدا کراوە و تونێلەکانی لابراون بۆ ئەوەی تێچووەکەی کەمبێتەوە و حکومەت بتوانێت بودجەی بۆ تەرخان بکات، ئێستا دۆسیەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و ئومێدەوارین لەم کابینەی داهاتوودا بەردی بناخەی بۆ دابنرێت و پارەی بۆ تەرخانبکرێت.."
 
قایمقامی پێنجوێن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەفتەیە پێنج پرۆژەی رێگەوبان لە سنوورەکەیان کراوەتەوە کە بەهاکەیان نزیکەی سێ ملیار دینار بووە و چەندین گوند لێی سوودمەند دەبن و ئێستا لە خزمەتدان، هەروەها پرۆژەیەکی دیکەمان لە قۆناخی جێبەجێکردندایە بە گوژمەی ملیارێک دینارە بە درێژایی هەشت کیلۆمەتر و نیو.
 
دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکانی پترۆدۆلار
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قایمقامی پێنجوێن ئاماژەی بەوە کرد، دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران وەگەڕخستنەوەی پرۆژە راگیراوەکانی پترۆدۆلار و گواستنەوەیان بۆسەر وەزارەتە جیاجیاکان، دوو پڕۆژەی گرنگی رێگەوبان لەسەر بودجەی پترۆدۆلاریان هەبوون و خراونەتەسەر بوودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کە بریتین لە:
 
• رێگەی گۆخڵان - میشیاو: بە درێژیی 13 کیلۆمەتر و گوژمەی نزیکەی 2 ملیار دینار.
 
• رێگەی وەریاوە و کانی میران: بە درێژیی 15 کیلۆمەتر و گوژمەی نزیکەی 2 ملیار دینار.
 
هێمن ئیبراهیم دەڵێت: " ئەم دوو پرۆژەیە کاری باشیان تێدا کراوە و سوودێکی زۆری بۆ سنوورەکە دەبێت و نزیکەی 20 گوند لێی سوودمەند دەبن. پرۆژەکە لە وەزرەتی ئاوەدانەوە رێکارەکانی تەواو کردووە و داوا لە بەڵێندەرەکەی کراوە بۆ ئەوەی دەستەبەکاربوونی بۆ بکرێتەوە.."
 
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران
 
سەبارەت بە پرسی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، قایمقامی پێنجوێن راگەیاند: "زەویی پێویست لەلایەن شارەوانییەوە ئامادە کراوە و وردبینی لە ناوەکاندا کراوە."
 
گوتیشی،"رێکارەکان لە قۆناخی کۆتاییدان و لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا بەپێی سیستمی خاڵبەندی، تیروپشک بۆ ناوەکان دەکرێت."
 
قایمقامی پێنجوێن ئەوەشی خستەڕوو، کە لە کەرتی شارەوانیدا چەند پرۆژەیەکیان هەن بە گوژمەی زیاتر لە 10 ملیار دینار بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاون و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ وەگەڕ بخرێنەوە.
 
لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی، هێمن ئیبراهیم پشتڕاستی کردەوە کە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت بۆ ئەمساڵ لە تەواوی گوند و سەنتەری قەزاکە کۆتایی هاتووە، کە نرخی هەر بەرمیلێک لە نێوان 104 بۆ 105 هەزار دینار بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە