رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی کارتی نیشتمانیی خەبات دەڵێت، لە ئاڵۆزییەکەی گوندی لاجاندا کۆمەڵگەکەیان بە تەواوی سووتێراوە و زیانی زۆری بەرکەوتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، مامەڵەی سێ ساڵی هاونیشتمانییان لەنێوچوون و زیاتر لە شەش مانگی پێویستە بۆ ئەوەی دەستبەکار ببنەوە.
موقەدەم سەمیر سابر، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی کارتی نیشتمانیی قەزای خەبات لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''بەهۆی سووتاندنی کۆمەڵگەی فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانیی خەبات، رزگاری و کەورگۆسک لە ئەنجامی ئەو هێرشەی کرایە سەر کۆمەڵگەکە، بەشێکی زۆری بینا و کەلوپەل و ئامێرەکانی نێو فەرمانگەکان سووتان و لەنێوچوون.''
موقەدەم سەمیر سابر ئاماژەی بەوە کرد، ''ئەو زیانەی بەر کۆمەڵگەکەمان کەوتووە تەنیا زیانێکی مادی نییە، بەڵکو گەورەترین زیان بریتییە لە وەستانی مامەڵە و کاروباری رۆژانەی هاونیشتمانییان.''
بەگوتەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی کارتی نیشتمانیی خەبات، ئاڵۆزییەکە و سووتاندنی دامەزراوە حکومییەکە زیانی زۆی لێکەوتووەتەوە و ''نۆژەنکردنەوەی ئەم باڵەخانەیە، دابینکردنی ئامێرە پێشکەوتووەکان و گەڕاندنەوەی داتاکان پێویستی بە تێچوو و کاتێکی زۆر هەیە کە دەکرا ئەو بودجەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتر و پێشخستنی خزمەتگوزارییەکان بەکاربهێنرێت، نەوەک چاککردنەوەی وێرانکاری.''
کۆمەڵگەی کارتی نیشتمانیی خەبات سێ فەرمانگەی تایبەت بە خەبات، رزگاری و کەورگۆسک لەخۆدەگرێت. بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی کارتی نیشتمانیی قەزاکە دەڵێت، ''سەرجەم دۆسیەکانی کارتی نیشتمانیی فەرمانگەی خەبات بۆ ساڵەکانی 2023-2024 و 2025 سووتاون و لەنێوچوون.''
شەوی دووشەممە، 1-12-2025، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو: "کۆمەڵێک کەسی هاندراو هەوڵی کردەوەی ئاژاوەگێڕی، تەقە و سووتاندنی شوێنە گشتی و فەرمییەکانیان لە قەزای خەبات دا، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هێمنانە کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کرد."
موقەدەم سەمیر سابر ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی خەمڵاندنی زیانەکان، لەوانەیە دەستبەکاربوونەوەیان لە کۆمەڵگەکە زیاتر لە شەش مانگ بخایێنێت.
لە گەرمەی گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی گوندی لاجاندا، کەسێک گوللەی بەرکەوت و گیانی لەدەستدا، هەروەها پێشمەرگەیەک کە ئەوکات بریندار بووبوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ