رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیێنێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا تاوەکو ئێستا 10 کارمەندی کەرتی تەندروستی کوژراون و چەندین ناوەندی خزمەتگوزاری لە شارە جیاوازەکان، لە نێویاندا مهاباد و کرماشان کراونەتە ئامانج؛ دڵنیاییش دەدات کە کێشەی دەرمان و کاڵای سەرەکییان نییە.
فاتمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند: "ئەمریکا و ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنیا ناوەندە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج، بەڵام وا نییە؛ ئێمە دەبینین کە ناوەندە خزمەتگوزارییەکان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و تاوەکو ئێستا 10 کارمەندی تەندروستی کوژراون."
لەبارەی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشکراوەتە سەر باڵەخانەی فریاکەوتنی شیراز، نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە ئەندیمەشک و مانگی سووری شاری مهاباد.
موهاجەرانی گوتیشی: "نەخۆشخانەی سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان لە رۆژانی رابردوودا بە تووندی زیانی بەرکەوتبوو و لەکارکەوتبوو، بەڵام خۆشبەختانە بە هەوڵێکی زۆر، دووبارە دەستی بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری کردووەتەوە."
لەبارەی دۆخی نێوخۆی وڵات و پێویستییەکانەوە، فاتمە موهاجەرانی دڵنیایی دا کە بەپێی راپۆرتی رێکخراوی وزە، هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی وزەدا نییە و گوتی: "لە دابینکردنی دەرمان و کاڵای سەرەکیدا هیچ کێشەیەکمان نییە؛ کاڵای سەرەکی لەو پارێزگایانەی پێشوازی لە ئاوارە و گەشتیاران دەکەن، زۆرە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی حکومەتی ئێران چەند بڕیارێکی کارگێڕیی راگەیاند و ئاشکرای کرد کە مۆڵەتی نۆرینگەی پزیشکان تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان درێژکراوەتەوە. بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆش، تەکسیی تەلەفۆنیی تاران لەڕێگەی ژمارە 133ـەوە خراوەتە خزمەتی هاووڵاتییان.
موهاجەرانی سوپاسی هاووڵاتییانی ئێرانی کرد کە شەوانە لە شەقام و گۆڕەپانەکان دەمێننەوە و پاڵپشتیی وڵاتەکەیان دەکەن.
هەروەها رایگەیاند، فەرماندەیی پۆلیسی ئێران بڕیاریداوە لەپێناو پاراستنی ماڵ و سامانی هاووڵاتییاندا هێزەکانیان لە نزیک ئەو باڵەخانە و شوێنانە جێگیر بکەن کە زیانیان بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ