رووداو دیجیتاڵ
بۆ هەشتەم رۆژ لەسەریەک هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون، دوایین هێرشیش بۆ سەر بارەگای دەڤەری دووی هێزەکانی پێشمەرگە لە شاری سلێمانی بوو، کە بە درۆنێک بوو، بەڵام بەر لەوەی ئامانجەکەی بپێکێت تەقەی لێکرا و خرایە خوارەوە.
6ی ئادار بە رۆژ و شەوەکەشی هێرشی درۆنی بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو.
بەر لە خۆرئاوابوون دوو درۆن تێکشکێنران کە بە ئاڕاستەی کەمپی ئاشتی و بارەگایەکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە سنووری قەزای کۆیە کرابوون.
لەگەڵ داهاتنی شەو، هێرشی دیکەی درۆنی لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێنران، هەندێکیان لە نزیک ناوچەی سڤیلنشین کەوتنە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند هێرشەکان کاژێر 10:41ی شەوی هەینی کران، هێزەکانی هاوپەیمانان چوار درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند، پاشماوەی یەکێک لە درۆنەکان لە گۆڕەپانێکی چۆڵی نزیک هۆتێلێک کەوتووەتە خوارەوە.
کەوتنە خوارەوەی ئەو چوار درۆنە زیانی گیانی نەبوو، جگە لەو زیانە ماددیانەی بەر هەندێک لەو شوێنانە کەوت، کە تێیدا کەوتنە خوارەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، درۆنێک لە نزیک هۆتێل (رۆتانا ئارجان) و (سکای تاوەر) کەوتووەتە خوارەوە و پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت "تێکشکێندراوە."
نیشتەجێبوویەکی باڵەخانەی سکای تاوەر بە دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداوی گوت، "دەنگێکی زۆر بەهێزی هەبوو، هەندێک لە شووشەی پەنجەرەکان شکان، بەڵام کەس بریندار نەبوو."
گرووپێکی چەکدار بە ناوی "ریجال بەئس شەدید" کە بەشێکە لەو گرووپەی ناوی خۆی ناوە "مووقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە هێرشەکانی سەر هەولێر راگەیاند.
بەرەبەیانى 7ى ئادار ژمارەیەک درۆنى دیکە ئاراستەى هەولێر کران و سیستمى بەرگرى هەڵیدانە خوارەوە.
سلێمانیش بێبەش نەبوو لەو هێرشانە، کاژێر پێنجی بەرەبەیانی رۆژی شەممە بە درۆن هێرشکرایە سەر بارەگای دەڤەری دووی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام درۆنەکە خرایە خوارەوە.
کەمێک دوای رووداوەکە، گرووپی (سەرایای ئەولیا دەم) کە یەکێکە لە گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "موجاهیدە ئازاکانمان ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئاداری 2026، هێرشێکیان لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) کرد و ئامانجێکی هەستیاریان لە سلێمانی پێکا."
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی نێوان ئێران و هەر یەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە و لەگەڵیدا هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکرێت.
بەگوێرەی ئاماری گرووپی "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، لە ماوەی هەشت رۆژی شەڕەکەدا، 173 هێرشی لە دژی چەند ئامانجێک لە ناو عێراق و دەرەوە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ