درۆنێک لە سلێمانی خرایە خوارەوە و گرووپێک بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
وەرزێر خەلیل
وەرزێر خەلیل @redyar_xalel
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری سلێمانی دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا و پەیامنێری رووداو دەڵێت، درۆنێک تێکشکێندراوە. هاوکات گرووپی چەکداریی سەرایای ئەولیاولدەم بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و رایدەگەیێنێت، "ئامانجێکی هەستیار"یان لە شارەکە پێکاوە.
 
رۆژی شەممە، 7-3-2026، ژمارەیەک هاونیشتمانی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، دەنگی تەقەیەکی زۆریان لە شارەکەدا بیستووە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەقەکان لە نزیک بارەگای هێزەکانی فەرماندەیی بوون.
 
لەبارەی هۆکاری تەقەکانەوە، پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: "درۆنێک لە ئاسمانی شارەکە تێکشکێندراوە و بەپێی زانیارییەکان رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە."
 
 
کەمێک دوای رووداوەکە، گرووپی (سەرایای ئەولیا دەم) کە یەکێکە لە گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "موجاهیدە ئازاکانمان ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئاداری 2026، هێرشێکیان لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) کرد و ئامانجێکی هەستیاریان لە سلێمانی پێکا."
 
سەبارەت بە هۆکاری هێرشەکەش، ئەو گرووپە چەکدارە لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکەیان وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بووە بۆ کوژرانی "عەلی خامنەیی" و هەروەها بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیە کە بوونەتە هۆی کوژرانی کۆمەڵێک لە چەکدارە عێراقییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە