رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دەروازە سنوورییەکان لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، هاتووچۆی کۆڵبەری لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ سێ رۆژی دیکە رادەگیرێت. جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەڵێ، هاتووچۆ بۆ گەشتیاری و بازرگانی ئاساییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2026، بەشی پەیوەندییەکانی لیژنەی هاوئاهەنگی کاروباری دەروازە سنوورییەکانی ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بەفر و دابەزینی پلەی گەرماوە، هاتووچۆی کۆڵبەری لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە رادەگیرێت.
دەروازەی حاجی ئۆمەران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە لەپارێزگای هەولێر، کە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان دەروازەی تەمەرچینە، بەگوێرەی راگەیێندراوی لیژنەکەی پارێزگای ورمێ، راگرتنی کاروباری کۆڵبەری لەسەر داوای هەرێمی کوردستان بووە.
حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دەروازەی حاجی ئۆمەران جموجووڵی گەشتیاری و بازرگانیی ئاساییە".
تێلی ئاماژەی بەوەشکرد،" لە لای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران هیچ گرفتێک نییە و رێگری نەکراوە ئەوە رێکاری بەڕیوەبەرایەتی دەروازەی سنووری تەمەرچینە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ پاراستنی خەڵک بەهۆی سەرماوە گیراوەتەبەر ."
لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە، بەشێکی هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستان رێگەیان پێدراوە بە فەرمی کۆڵبەری بکەن، بەگوێرەی ئەو رێنماییانەی بۆیان دانراوە، جگە لە رۆژانی هەینی، لە دۆخی ئاساییدا هەفتەیەک شەش رۆژ کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ