بەفر هەرێمی کوردستان سپیپۆش دەکات

05-02-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن بەفر
A+ A-
رووداو هەولێر

لە سنووری هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان بەفر دەبارێت. لە هەندێک ناوچە، بەفر ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروستکردووە و رێگای چەندین گوند و چەند ناحیەیەک داخراون. 
 
لە رێگەی ناحیەی هیران، بناری چیای سەفین و گوندەکانی بناری سەفین لە قەزای شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە. رۆژی یەکشەممە 5-2-2023، کاروان کەریم خان، قایمقامی شەقڵاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەو شوێنانەی ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە، تیمەکانمان لەوێن و سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگاکانن. نەوەک تەنیا ئەمڕۆ، لە چەند رۆژی رابردووشدا کە بەفر باریوە، تیمەکان بەردەوام رێگەکانیان پاککردووەتەوە".
 
 
لە قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، لە شەوی رابردووەوە ناوبەناو بەفر دەبارێت. ئەمڕۆ زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوێنێ رێگای تەنیا یەک گوند بەهۆی بەفرەوە ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ دروستبوو و تیمەکان خێرا چوون و پاکیان کردەوە. ئەمڕۆش لەپێش رۆژهەڵاتنەوە تیمەکان لە پێنجوێن و دەوروبەری سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەکانن و تاوەکو ئێستا رێگەیان نەداوە هیچ کێشەیەکی هاتووچۆ دروستبێت".
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک، زۆرترین بەفر لە قەزای ئامێدی باریوە و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش بەفر دەبارێت. ئەفراز حەسەن، سەرۆکی شارەوانی ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شەوی رابردووەوە رێگەی گوندەکانی سنوورەکەیان کە 10 گوندن بە تەواوی داخراون. "رێگەی سەرەکیی هەردوو ناحیەی دێرەلووک و سەرسنگ بۆ ئامێدی داخراون".
 
سەرۆکی شارەوانیی ئامێدی ئاماژەی بەوەشکرد تیمەکانیان بەردەوامن لە پاککردنەوەی رێگەکان و تاوەکو کاژێر 09:30ـی بەیانی نیوەی هەردوو رێگە سەرەکییەکەی ناحیەکانیان کردووەتەوە، گوتیشی: "شەوی رابردووش تیمەکانمان بەردەوام بوون لە پاککردنەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی بەفربارینەوە کە پاکیش دەکرێتەوە، دوای کاژێرێک ئاستەنگی دروست دەبێتەوە".
 
 
حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە لە دەڤەری هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەفری باش باریوە و گەشتیارێکی زۆریش سەردانی سنوورەکەی ئێمەیان کردووە؛ بەهۆی چالاکبوونی تیمەکانی شارەوانییەوە کە بەردەوام رێگەکە پاکدەکەنەوە، رێگەیان نەداوە هیچ گرفتێکی هاتووچۆ دروستببێت".
 
لە ئیدارەی سۆران ئەمڕۆ ناوبەناو بەفر دەبارێت، ئاستەنگی بۆ رێگەکانی هاتووچۆ دروستنەبووە. ئەمڕۆ یەکشەممە 5-2-2023، هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەوی رابردوو لە سنووری سیدەکان هەندێک رێگە ئاستەنگی هاتووچۆیان بۆ دروستبوو، بەڵام لە کاژێر 05:00ـی بەرەبەیانەوە تیمەکانمان هەموو رێگەکانیان پاککردوونەتەوە. ئێستا هیچ ئاستەنگییەکی هاتووچۆ لە سنوورەکەمان نییە و تیمەکانێش بۆ هەر ئەگەرێک لە ئامادەباشیدان".
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەفر بارین ئەمڕۆش "کەم کەم" بەردەوام دەبێت و لە دوای نیوەڕۆوە شەپۆلی بەفر و باران سەرەتا لاواز دەبێت و دواتر قۆناخی یەکەمی کۆتایی دەێت؛ گوتیشی: "سبەی لە نیوەڕۆوە قۆناخی دووەمی ئەم شەپۆلە دەستپێدەکات و لە زۆرینەی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت و لەو شوێنانەشی بەفری لێ باریون سبەی زیاتر دەبارێت؛ سێشەممە و چوارشەممە ئاستی بارینی بەفر زیاتر دەبێت و ناوچەی زیاتر لەوەی کە ئێستا هەیە، دەگرێتەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە