رووداو دیجیتاڵ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، 380 بارهەڵگر پێداویستی و خۆراک گەیێندراوەتە رۆژئاوای کوردستان و بەشێکیان لە کەمپەینی (رەنجی رووداو) بوون لە تۆڕی میدیایی رووداو.
ئەیووب محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگاری خێرخوازی بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 380 بارهەڵگر شتومەک لە هەرێمی کوردستانەوە گەیێندراونەتە رۆژئاوا، لەو ژمارەیە 119 بارهەڵگری کەمپەینی رووداو بوون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی: "تەواوی هاوکارییەکانی کەمپەینەکەی رووداو لە کۆگاکانی قامشلۆ دانراون و رۆژانە بە گوێرەی پێداویستی لێیان دابەش دەکرێن، کە پاکێجی زۆر پێویستیان تێدایە بۆ هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان".
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، تاوەکو ئەمڕۆ 59 هەزار و 375 ژەمە خۆراکی گەرم پێشکێشی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان کراوە. هاوکات 8 هەزار و 908 خێزان لە هاوکارییەکانیان سوودمەند بوون.
دابەشکردنی سووتەمەنی لەلایەن دەزگای خێرخوازی بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 325 هەزار لیتریان دابەش کردووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی راشیگەیاندووە، تاوەکو ئێستا خزمەتگوزاری پزیشکییان پێشکێشی 5 هەزار و 582 هاونیشتمانی کردووە.
ئەیووب محەممەد گوتی: "جگە لە کەمپەینەکەی رووداو، هاوکاریی بەخشەر و سپۆنەسەرەکانمان بۆ هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان زۆر پێویست و گرنگ بوون".
بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 06ـی مانگی رابردوو و دواتر فراوانبوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر؛ تاوەکو راگەیاندنی ئاگربەست و رێککەوتن، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون.
بەشێکی ئەو کەرەستانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دابەشیان دەکات بریتین لە جلوبەرگ، خواردمەنیی وشک، نان، خواردەمەنی گەرم، سووتەمەنی، بەتانی، دۆشەکە، شیر و دایبی منداڵ و پێداویستییەکانی دیکەی رۆژانە.
21-01-2026 دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ یەکەم جار 67 بارهەڵگر هاوکاری گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و رۆژی دواتر دابەشکردنی دەستپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە.
هاوکارییەکانی کەمپەینی (رەنجی رووداو) ئەمانە بوون:
دەرمان و پێداویستی پزیشکی؛ 55.4 تۆن
برنج؛ 133 تۆن
ئارد؛ 31 تۆن
شیری تەڕ؛ 8 تۆن
شیری وشک؛ 37.6 تۆن
پاککەرەوە، سابوون و شامپۆ؛ 8.2 تۆن
ئاوە تەماتە؛ 9.035 تۆن
تونا؛ 24.6 تۆن
گۆشت و مریشکی قوتوو؛ 26.8 تۆن
نان؛ 5.6 تۆن
رۆن؛ 48.5 تۆن
نۆک؛ 17.2 تۆن
فاسۆلیا؛ 30.5 تۆن
نیسک؛ 15 تۆن
ساوەر؛ 8.7 تۆن
مافوور؛ 24 تۆن
ماست و پەنیر؛ 7.05 تۆن
ماکەرۆنی؛ 22.01 تۆن
خواردنەوەی گازی؛ 34.93 تۆن
جلوبەرگ؛ 21.3 تۆن
شیرەمەنی؛ 1.53 تۆن
چای؛ 0.9 تۆن
ئەندۆمی؛ 0.8 تۆن
شەکر؛ 1.8 تۆن
ئەو شتومەکانەی بە کارتۆن و دانەن:
بەتانی؛ 9014 دانە
دۆشەک؛ 3039 دانە
بالیف؛ 415 دانە
سەبەتەی خۆراک؛ 11,614 دانە
کارتۆنی جگەرە؛ 105 دانە
سۆپا؛ 3506 دانە
لایت شەحن؛ 1480 دانە
پێداویستی تایبەتی ژنان و منداڵان؛ 3567 کارتۆن
مەنجەڵ؛ 1182 دانە
ئاو؛ 2700 کارتۆن
پێڵاوی منداڵان؛ 33 کارتۆن
مەمەی شیر؛ 960 دانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ