ئەمریکا کۆنسووڵخانە کۆنەکەی لە عەنکاوە چۆڵکرد و رادەستی خاوەنەکانی کردەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆنسووڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر، بە فەرمی کۆتاییهاتنی پرۆسەی چۆڵکردنی باڵەخانە کۆنەکەی لە قەزای عەنکاوە راگەیاند، ئەمەش دوای زیاتر لە 14 ساڵ لە بەکارهێنانی وەک ناوەندێکی سەرەکیی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا، لە رێککەوتی 01-02-2026ـەوە بەڕێوەبردنی گەڕەکەکە بە تەواوەتی رادەستی شارەوانی و خاوەن ماڵەکان کراوەتەوە. کۆنسووڵخانەکە سوپاسی نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر و ستافەکەی کردووە بۆ ئەو هاوکارییەی لەم ساڵانەدا پێشکەشیان کردوون.
 
ئەم هەنگاوە بەگوێرەی رێککەوتنێکی دوولایەنە بووە کە لە مانگی ئایاری 2025 واژۆکراوە. کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لەسەر داوای شارۆچکەی عەنکاوە، ژێرخانی کارەبا و پەرژینی ئەمنی و دیوارە کۆنکرێتییەکانی وەک خزمەتگوزاری بۆ شارەوانی بەجێهێشتووە. هەروەها "لە سەرەتای ئەم مانگەوە کۆنتڕۆڵی دەروازەی بەرامبەر بەنزینخانەی بابل رادەستی شارۆچکەکە کراوەتەوە و رێگەکانی دیکەش بەپێی پلانی شارەوانی دەکرێنەوە."
 
کۆنسووڵخانەکە رایگەیاند، "ئێستا خاوەن موڵکەکان دەتوانن بە تەواوەتی دەستیان بە خانووەکانیان رابگات و بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی گەڕەکەکەش لە کۆنسووڵخانەوە رادەستی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش کراوەتەوە."
 
ئەم چۆڵکردنە دوای ئەوە دێت کە لە 3ـی کانوونی یەکەمی 2025دا، ئەمریکا بە فەرمی باڵەخانە نوێ و زەبەلاحەکەی خۆی لەسەر رێگەی پیرمام کردەوە. باڵەخانە نوێیەکەی هەولێر بە گەورەترین و گرانترین کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا دادەنرێت، کە تێچووەکەی 796.1 ملیۆن دۆلارە و لەسەر رووبەری زیاتر لە 202 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە.
 
گوێندۆلین گرین، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە کاتی کردنەوەی باڵەخانە نوێیەکەدا رایگەیاندبوو: "تەواوبوونی ئەم کۆمەڵگە نوێیە پابەندیی ئێمە بە نوێنەرایەتیکردنی ئەمریکا بە شانازی و دەستپاکی دووپات دەکاتەوە و دەبێتە بەڵگەی پەیوەندییە بەردەوامەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق."
 
کۆنسووڵخانە نوێیەکە توانای نیشتەجێکردنی 188 کارمەندی هەیە و حەوت ئاژانس و وەزارەتی جیاوازی ئەمریکی تێیدا کار دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە