رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێ، نزیکەی 175 هەزار ئاوارە لە قامشلۆ هەن کە لە 115 قوتابخانە و 20 مزگەوتدا دەمێننەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-02-2026، دڵگەش عیسا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە رۆژئاوای کوردستان، سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکان بە رەنجە جەمال، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ قامشلۆی راگەیاند، زۆربەی ئاوارەکان خەڵکی عەفرینن کە ساڵی 2018 ئاوارەی شەهبا، تەبقە و رەققە ببوون و دوای هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاش، روویان کردووەتە قامشلۆ.
بە گوتەی دڵگەش عیسا، نزیکەی 150 هەزار بۆ 175 هەزار ئاوارە لە قامشلۆ هەن کە لە دۆخێکی سەختدا دەژین.
وەک هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە رۆژئاوای کوردستان گوتی، 115 قوتابخانە، 20 مزگەوت و ژمارەیەک هۆڵی گەورە لە قامشلۆ بۆ ئاوارەکان تەرخان کراون و ژمارەیەکیشیان لە ماڵی دانیشتووانی شارەکەدا دەمێننەوە.
دوای چەند هەفتە لە بەردەوامیی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و پێکدانانی سەخت، 30ـی مانگی کانوونی دووەم، ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق راگەیێندرا و رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا دۆخێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان نەڕەخسێنراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ