لە سبەیەوە هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی تەماتەی لە دەروازە سنوورییەکانەوە دەرکرد. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، بڕیارەکە بە هاوئاهەنگییە لەگەڵ بەغدا بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی خوارووی عێراق و لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی هەرێمی کوردستانیش بەغدا هەمان هەنگاو دەگرێتەبەر.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سبەی هەینییەوە 6ـی شووبات، هاوردەکردنی تەماتە لە دەروازەکانەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان رادەگیرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکە لە چوارچێوەی رێکخستنی رۆژمێری کشتوکاڵی و ئەو لێکتێگەیشتنەیە لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقدا هەیە.
 
سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی بڕیارەکە لەم کاتەدا، هیوا عەلی گوتی: "ئێستا وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقە، بەتایبەتی جووتیارانی پارێزگای بەسرە و قەزای زوبێر، کە بەرهەمێکی زۆریان هەیە و پێویستی بە ساخکردنەوەیە."
 
بەپێی بڕیارەکە، رێگە بە هاتنی بەرهەمی ناوخۆیی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەدرێت بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و لە بەرامبەردا رێگری لە بەرهەمی دەرەکی دەکرێت. هیوا عەلی دەڵێت: "بەرهەمی ناوخۆیی پێویستیی بازاڕ و هاونیشتمانیان پڕ دەکاتەوە و چاودێری کوالێتی و نرخەکەشی دەکرێت."
 
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی کشتوکاڵ وەک جۆرێک لە ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی لەگەڵ بەغدا وەسف دەکرێت. گوتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیکردەوە: "کاتێک وەرزی پێگەیشتنی تەماتەی دەشتەکانی هەولێر، پێنجوێن و شارەزوور دەستپێدەکات و بەرهەمی خوارووی عێراق کەم دەبێتەوە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش هەمان رێکار دەگرێتەبەر و رێگری لە هاوردە دەکات، تاوەکو تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق ساخ ببێتەوە."
 
بڕیاری قەدەخەکردنەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت. بەگوتەی وەزارەتی کشتوکاڵ، ماوەی بڕیارەکە بەندە بە پێویستی بازاڕ و هەر کاتێک هەست بکرێت بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێداویستییەکان ناکات، رێکاری نوێ دەگیرێتەبەر.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بڕی بەرهەمهێنانی تەماتە لە عێراق ساڵانە دەگاتە نزیکەی 534 هەزار تۆن.
 
هەفتەی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی، هاوردەکردنی زیاتر لە 48 بەرهەمی کشتوکاڵی قەدەخەکردووە کە لەوانە تەماتە و پەتاتە، ئەمە جگە لەوەی لە ساڵی 2003ـەوە هاوردەکردنی هەموو جۆرەکانی خورما بۆ عێراق قەدەخە کراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان. وێنە: ئەرشیف

بەرپرسی ئەنەکەسە لە کۆبانی: گەمارۆی سەر شارەکە بەردەوامە

بەرپرسی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانی بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆکانەوە هۆشداری لە روودانی ''کارەساتی مرۆیی'' دەدات و دەڵێت: ''هیچ پێداویستییەکی سەرەکی لە شارەکەدا نەماوە و پێویستە رێڕۆی مرۆیی بکرێتەوە''.