رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەڵمانیا بڕیاری دا بەهۆی "دۆخی ئەمنیی ناوچەکە" و زیادبوونی گرژییەکان، ژمارەی سەربازەکانی لە هەولێر کەم بکاتەوە و رایگەیاند، ئەو کارمەندانەی لەم کاتەدا ئەرکی سەرەکییان نییە، بە شێوەیەکی کاتی دەگەڕێندرێنەوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەڵمانیا لە راپۆرتێکدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە وەک "رێکارێکی خۆپارێزی" و لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دراوە. بەگوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا، هۆکاری سەرەکیی ئەم هەنگاوە بۆ مەترسیی پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەگەڕێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای ئەڵمانیادا هاتووە: "سەلامەتیی سەربازەکانمان کاری هەرە لەپێشینەی ئێمەیە." هەروەها جەختکراوەتەوە کە کشانەوەی ئەو بەشە لە هێزەکانیان بە هەماهەنگیی ورد لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکە کراوە.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەرکەکانیان لە هەرێمی کوردستان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان دەڵێت، ئەو هێزانەی لە هەولێر دەمێننەوە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکە سەرەکییەکانیان.
ئەڵمانیا وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، نزیکەی 300 سەربازی لە هەولێر جێگیر کردووە. ئەرکی سەرەکیی ئەم هێزانە پێشکەشکردنی راوێژ و مەشقە بە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە مەبەستی رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی داعش.
بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکان لەکاتێکدایە، زۆربەی چالاکییە سەربازی و مەشقییەکانی سوپای ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراوی لە شاری هەولێر چڕبوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ