سەرۆک بارزانی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان: ترسی من ئەوە بوو ببێتە شەڕی کورد و عەرەب

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبەر حوسێن
سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆنفرانسی تەندروستیی میزۆپۆتامیا
سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆنفرانسی تەندروستیی میزۆپۆتامیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، "ترسی من ئەوە بوو ببێتە شەڕی کورد و عەرەب کە کارەساتی لێدەکەوتەوە".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-02-2026، یازدەیەمین کۆنفرانسی تەندروستیی میزۆپۆتامیا بەڕێوەدەچێت. سەرۆک بارزانی باسی دۆخی رۆژئاوای کوردستان، یەکێتی و یەکبوونی کورد، دۆخی باکووری کوردستان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدای کرد. 
 
سەرۆک بارزانی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووریا و وۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوە دا،  "هەمیشە رێنمایی ئێمە ئەوە بوو، شەڕی ئێمە دژی زۆردارە، ترسی من ئەوە بوو ببێتە شەڕی کورد و عەرەب و ئەمەش دەبووە کارەسات".
 
سەرۆک بارزانی باسی لە هەستیاری دۆخەکە کرد و گوتی، "لەم کاتانەدا دەبێت دوور لە عاتیفە بڕیار بدەیت و ئەوەی پێمان کرا کردمان، وەک چۆن لە 2014 پێشمەرگەمان نارد و کۆبانێیان لە دەستی داعش رزگار کرد".
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا،  سەرۆک بارزانی گوتی، "گیروگرفت زۆرن، بەڵام لە هەوڵداین ئەم گرفتانە نەمێنن و چارەسەرێکی گونجاو بۆ هەرێم بدۆزینەوە و بۆ برادەرانی بەغداش ئەوەی پێمان دەکرێت بیکەین بۆ ئەوەی زوو لەم قەیرانە دەربچین".
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە دۆخی ناوچەکەش دا و گوتی، "هیوادارین گیروگرتفەکان لەنێوان وڵاتان بە ئاشتی چارەسەر بکرێن، چونکە شەڕ بە زەرەری هەموو لایەکە".
 
سەرۆک بارزانی لەبارەی یەکێتیی کوردان لەسەر پرسی رۆژئاوای کوردستان سوپاسی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرایشی کرد.
 
لە کۆنفرانسەکەدا، کە تایبەتە بە پزیشکان و لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدارییان تێدا کردووە، سەرۆک بارزانی گوتی، "دڵ و دەرگای هەولێر هەمیشە بۆ ئێوە و ئەم جۆرە چالاکییانە کراوەیە، ئەم چالاکییانە زۆر بە سوودن و کارێکی پیرۆزتان کردووە و سوپاستان دەکەم".
 
سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسەکە گوتی، "کاری پزیشکی کارێکی پیرۆزە، چونکە ئێوە ژیانی مرۆڤ رزگار دەکەن".
 
سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسەکە داوای کرد، "منداڵەکانتان هانبدەن بۆ خوێندن، لە هەمان کاتدا فێریان بکەن خاک و زمانیان لەبیر نەکەن".
 
دەقی قسەکانی سەرۆک بارزانی:
 
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان؛
 
پێشەکی بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەم، دەستخۆشی لە سەندیکای پزیشکان و بۆردی مێزۆپۆتامیا دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم کۆنگرەیە کە 11ـەمین کۆنگرەیە. دەمەوێ بڵێم هەمیشە دڵ و دەرگای هەولێر کراوەیە بۆ ئێوە و بۆ ئەم جۆرە چالاکییانە. 
 
ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەمڕۆ لێرەن کە ئەمە جێی شانازییە و جێی ئومێدە بۆ ئێمە. ئەم جۆرە چالاکییانە زۆر زۆر بەرز و بەقیمەتن. گۆڕینەوەی ئەو زانستە، ئەو ئەزموونە، ئەمە هەموو خزمەتێکی گەورە دەکات بە میللەتەکەمان، کارێکی پیرۆزتان کردووە، دەستخۆشیتان لێدەکەم و سوپاستان دەکەم.
 
کاری پزیشک کارێکی زۆر پیرۆزە، رزگارکردنی ژیانی بەشەرە، کارێک نییە لەمە پیرۆزتر هەبێت، لەبەرئەوە ئێوەش پیرۆزن، چونکە کارەکەی ئێوە، ئەرکی ئێوە ئەرکێکی پیرۆزە. داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم و بە هەموو هێز و توانایەک لەگەڵ ئێوەین و پشتیوانی ئێوەین.
 
ژمارەیەک لەو پزیشکە بەڕێزانەی دەرەوەی وڵات، لە دیاسپۆرا، بەشدار بوون لەمەدا، و لە هەر چوار پارچەی کوردستان. ئەمە حەقیقەتێک پیشان دەدات ئەگەر دەرفەت بڕەخسێ بۆ تاکی کورد، کەمتر نییە لە خەڵکی دیکە. سوپاس بۆ خوا پڕۆفیسۆری زۆر گەورە هەڵکەوتوون، زانای زۆر گەورە هەڵکەوتوون کە ئێمە شانازییان پێوەدەکەین و ئومێدەوارین ئەو کوردانەی تاراوگە (دیاسپۆرا) سوود لەم دەرفەتە ببینن هەر وەک زۆرێک لەم بەڕێزانە سوودیان لەو دەرفەتە وەرگرتووە، منداڵەکانیان هان بدەن فێری خوێندن بن، فێری زانست بن، ئینجا لە هەر بوارێکدا بێت. دوور بکەونەوە لەو شتە نەرێنییانە، دوور بکەونەوە لەو شتانەی کە بە زیانی خۆیان و میللەتەکەیان تەواو دەبێت. لە هەمان کاتیشدا فێریان بکەن کە زمان و خاک و میللەتیان لەبیر نەکەن.
 
بەڕێزان من نامەوێ زۆر کاتی ئێوە بگرم، بەڵام هەموومان بینیمان پێش ماوەیەک کارەساتێکی گەورە خەریک بوو روو بدات لە رۆژئاوای کوردستان بەداخەوە، و من نامەوێ بچمە وردەکاریی ئەو وەزعە چۆن بوو و چۆن وای لێهات، بەڵام وەک عەرەب دەڵێن (دفع الله ما کان اعظم). ترسی گەورەی من ئەوە بوو کە ببێتە شەڕی کورد و عەرەب. خۆشتان دەزانن ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، هیچ کاتێک کورد دەسپێشخەر نەبووە بۆ شەڕ و هیچ کاتێکیش لە هەموو سەرکردەکانی شۆڕشەکانی کوردستان، هەمیشە رێنمایی ئەوە بووە کە شەڕی ئێمە دژی زۆردارانە نەوەک دژی میللەت. من ترسی ئەوەم هەبوو ببێتە شەڕی کورد و عەرەب کە ئەمە دەبووە کارەساتێکی گەورە. دیسان بۆ وای لێهات، من ناچمە ئەم وردەکارییەوە.
 
لە حاڵەتی وادا، ئینسان دەبێ دوور لە عاتیفە بڕیار بدات و دوور لە عاتیفە هەنگاویش بنێت. ئەوەی پێمان کراوە کردمان و ئێمە سەربەرزین هەر چۆن کاتی خۆی کە پێویست بوو، هەلومەرج لەبار بوو، پێشمەرگەی خۆمان نارد چوون لە کۆبانێ شان بە شانی براکانیان شەڕی داعشیان کرد و کۆبانێیان رزگار کرد. هەلومەرجی ئەمجارە جیاواز بوو، ئەمجارە پێویستی بەوە بوو کە ئاگرەکە بکوژێتەوە. سوپاس بۆ خوا، سوپاس بۆ هەموو لایەنەکانی کە هاوکار بوون، شەڕەکە نەبوو بە شەڕی گەورە، نەبوو بە شەڕی کورد و عەرەب. شتی ناخۆش روویداوە، بەڵام دەیتوانی شتی زۆر زۆر خراپتر رووبدات. ئێستاش رێککەوتنێک بووە لەنێوان براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی سووریا، ئێمە ئومێدەوارین ئەو رێککەوتنە بەردەوام بێت.
 
ئەوەی پێمان کرا کردمان، بۆ ئەوەی شەڕەکە تەشەنە نەکات. لێرەدا من بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی بێپایانی هەموو تاکێکی کورد بکەم لە هەر چوار پارچە و لە دەرەوەش، بۆ ئەو یەکڕیزییە و ئەو بیرە نەتەوەییەی کە بە هیچ شتێک تەقدیر ناکرێ چەند بەقیمەت و چەند توانای بە هەموومان دا. ئەمە گەورەترین سەرکەوتن بوو. لە لایەکی دیکەوە سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ ئەو یارمەتیدانە، بۆ ئەو جۆش و خرۆشەی کە بینیمان، بە هەزاران گەنج خۆبەخش بوون بۆ ئەوەی بچن یارمەتیی براکانیان بدەن، و سوپاسی هەموو ئەو دامودەزگایانە دەکەم کە چوون بۆ هاوکاری براکانیان و خزمەتیان پێشکەش کردوون و بە تایبەتی لێرەدا دەمەوێ سوپاسێکی بێپایانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەم و سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش بکەم کە توانییان خزمەتێکی زۆر پێشکەش بکەن بە براکانی رۆژئاوای کوردستان.
 
من ئومێدەوارم ئەو یەکێتییەی کە بینیمان لەسەر ئاستی نەتەوەیی، ئەمە ئیتر ببێتە ئەساسێک بۆ هەموو داهاتوو، بۆ هەموو رووداوێکی کە لەمەودوا ئەگەر رووبدات. ئێمە نامانەوێ بیر لە شەڕ بکەینەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئێمە زۆریی زۆردارانیش قبووڵ ناکەین. ئێمە دووعا دەکەین، تەمەننا دەکەین وەزعەکە بەرەو باشتر بچێت، خوشک و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان ئیتر ژیانێکی ئاسوودە ببەنەسەر و ئەوەی پێمان بکرێت ئێمە درێخی ناکەین لە یارمەتیدانیان.
 
بە نیسبەت باکوور، ماوەی ساڵێکە یان بڵێین تۆزێک زیاتریش پڕۆسەی ئاشتی دەستی پێکردووە. ئێمە لە یەکەم رۆژەوە پشتیوانیمان لێ کردووە و پشتیوانی لێ دەکەین، ئومێدەوارین بگاتە ئەنجامێک کە خێری هەموو لایەکی تێدا بێت، من هەر ئەوەندە دەڵێم.
 
بە نیسبەت وەزعی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەغدا، بەداخەوە هێشتا دوای هەڵبژاردنی پار نە لە هەرێمی کوردستان حکومەت پێکهێنراوە، نە لە بەغداش. گیروگرفت زۆرن. دەبێ ئێمە راستگۆ بین لەگەڵ ئێوە و لەگەڵ میللەتی خۆمان. بەڵام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو گیروگرفتانە نەمێنن، چارەسەرێکی گونجاو بدۆزینەوە بۆ هەرێمی کوردستان و، بۆ بەغداش ئەوەی پێمان بکرێت هاوکاری برادەرانمان دەکەین بۆ ئەوەی زوو لەو قەیرانە دەربچین لە هەرێمی کوردستان و بەغدا، بەڵام گرفت زۆر هەن. وەزعی ناوچەکەش بە گشتی وەزعێکی ئاڵۆزە هەر وەک خۆتان دەبینن. ئێمە تەمەننا دەکەین شەڕ روونەدات لە نێوان هیچ لایەنێک، چونکە خراپترین شت شەڕە و ئومێدەوارین ئەو گیروگرفتانەی هەن، ئەو ناکۆکییانەی کە هەن لە نێوان ئەم دەوڵەتانە بە شێوەیەک بە دیالۆگ و بە ئاشتی چارەسەر بکرێن، چونکە شەڕ بە زیانی هەموو خەڵکی ناوچەکەیە و بە زیانی هەموو لایەکەکە.
 
لە کۆتاییدا من پیرۆزبایی ئەم کۆنگرەیەتان لێدەکەم و دڵنیاتان دەکەمەوە بە هەموو توانا پشتیوانتانین. داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم و دەبێ بزانن ئەگەر ئێمە ئیرادەمان هەبێت و بڕوامان بە دۆزی میللەتەکەمان هەبێت، هەمیشە دۆستمان هەیە. ئەگەر ئیرادەمان نەبێت و ئامادە نەبین و بڕوامان بە خۆمان نەبێت، کەس دۆستی ئێمە نییە، ئەمە زۆر چاک بزانن.
 
لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدان و سڵاو بۆ هەموو خوشک و برایانی کورد و کوردستانی لە هەر کوێیەک کە هەن. داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم و ئینشائەڵڵا کوردستان هەر لە خۆشیدا بێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ژنەکە.

لە پیرانشار ئەندامانی جەستەی ژنێک بەخشرانە سێ نەخۆش

ئەندامانی جەستەی ژنێکی تەمەن 58 ساڵی دانیشتووی شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە تووشی مردنی مێشک ببوو، بە رەزامەندیی خێزانەکەی بەخشرانە سێ نەخۆش و ژیانی لە مردن رزگار کردن.