رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی جەستەی ژنێکی تەمەن 58 ساڵی دانیشتووی شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە تووشی مردنی مێشک ببوو، بە رەزامەندیی خێزانەکەی بەخشرانە سێ نەخۆش و ژیانی لە مردن رزگار کردن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-02-2026، هاونیشتمانییەک لە شاری پیرانشار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گوڵی خوسرەو خاه، تەمەن 58 ساڵ، دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە تووشی مێشک مردن ببوو، بە رەزامەندیی پێشوەختە و بڕیاری خێزانەکەی، ئەندامانی جەستەی بەخشرانە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیە."
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەردوو گورچیلە و جگەری ئەو ژنە بەخشرانە سێ نەخۆش کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نۆرەی چاندنی ئەندامدا بوون.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ رێزگرتن لەم هەڵوێستە مرۆییە، دوێنێ چوارشەممە بەرپرسانی تەندروستی و ژمارەیەک لە خەڵکی شارەکە سەردانی خێزانی "گوڵی"یان کردووە و سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە نیشان داوە، کە بووەتە هۆی بەخشینی ژیان بە سێ مرۆڤی دیکە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا نزیکەی 25 هەزار نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستە، لە کاتێکدا ساڵانە تەنیا نزیکەی 800 کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن.
ئەو کەسانەی تووشی مێشک مردن دەبن، دەکرێت بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان وەک (دڵ، جگەر، گورچیلە، پەنکریاس و سییەکان) ببەخشرێتە ئەو کەسانەی بەهۆی پەککەوتنی ئەندامەکانیانەوە لە لێواری مردندان. پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە یەک بەخشەر دەتوانێت ژیانی هەشت کەس لە مردن رزگار بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ