سەرۆک بارزانی: ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بۆ ئەوەی كوردستان پارێزراو بێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی لە 35ـەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ناوچەکە بە بارودۆخێکی ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت و "ئێمەش ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بۆ ئەوەی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشی دوور بێت و پارێزراو بێت".
 
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، راپەڕین بە "بەرهەم و درێژکراوەی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەکان" وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەو رووداوە پڕ لە شانازییە بۆ تاک تاکی کوردستانیان لە ئێستا و داهاتوودا هەڵگری پەیامی خۆبەدەستەوەنەدان و ئازادیخوازی و ئیرادەی ژیانی سەربەرزانەیە."
 
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچەکە، سەرۆک بارزانی دەڵێت، "هیوادارین هەرچی کێشە و ناکۆکی لە ناوچەکەدا هەیە، بە رێگەی ئاشتییانە بگاتە ئەنجام و چارەسەری." دەشڵێت، "ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ ئەوەی کوردستان لە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشی دوور بێت و پارێزراو بێت."
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
 
بە بۆنەی سی و پێنجەمین ساڵیادی دەستپێكی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان و هەموو  ئەو نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازانە دەكەم كە ڕۆڵیان لە بەدیهاتنی ئەو دەستكەوتە بەهادارەی گەلەكەماندا هەبووە.
 
ڕاپەڕین بەرهەم و درێژكراوەی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو. ئەو ڕووداوە پڕ لە شانازییە بۆ تاك تاكی كوردستانیان لە ئێستا و داهاتوودا هەڵگری پەیامی خۆبەدەستەوەنەدان و ئازادیخوازی و ئیرادەی ژیانی سەربەرزانەیە.
 
ئێستا ناوچەكەمان بە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت و هیوادارین كە هەرچی كێشە و ناكۆكی لە ناوچەكەدا هەیە بە ڕێگەی ئاشتیانە بگاتە ئەنجام و چارەسەری. ئێمەش ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بۆ ئەوەی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشی دوور بێت و پارێزراو بێت. لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كورد و كوردستان دەنێرین.
 
مسعود بارزانی
5ـی ئاداری 2026

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە