بەرپرسیاری رەمەزان؛ خێزانێکی 8 کەسی لە زاخۆ: بۆ خواردن و جلی جەژن چاومان لە دەستی خێرخوازانە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
بەرپرسیاری رەمەزان لە زاخۆ
بەرپرسیاری رەمەزان لە زاخۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سالار جەعفەر، باوکێکی تەمەن 40 ساڵانە و لە گەڕەکی شەعبانیکێی زاخۆ لەگەڵ هاوژین و شەش منداڵەکەی لە ژیانێکی سەختدا دەژین. نەخۆشیی شەکرە، کێشەی بڕبڕەی پشت و لاوازیی دەستەکانی، دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر سالاری لە کارکردن خستووە و ئێستا تەنانەت توانای هەڵگرتنی سووکترین شتیشی نییە.
 
سالار، بە دەنگێکی ماندوو، لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "پێشتر کرێکاریم دەکرد، بژێویی خێزانەکەم دابین دەکرد، بەڵام ئێستا نەخۆشییەکان هەموو جەستەیان داگرتووم. شەکرەم هەیە، کێشەی بڕبڕەی پشتم هەیە و دەستەکانم هێزیان تێدا نەماوە. ناتوانم نەشتەرگەری بکەم، چونکە هەژارم و پارەم نییە. تەنانەت توانای کردنەوەی بوتڵێکی ئاویشم نییە."
 
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، سالار تووشی نەخۆشیی گوشاری دەماری مەچەک (CTS) بووە و فشاری زۆری لەسەر رەگی دەمارەکانی هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی پەلەکانی، بەتایبەتی دەستەکانی. هەروەها بینایی چاوەکانیشی لاوازە و پێویستی بە چارەسەری بەردەوام هەیە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: "چارەسەرەکانم گرانن و توانای کڕینی دەرمانەکانم نییە."
 
ئەو خێزانە هەشت کەسییە لە خانوویەکی کرێدا دەژین کە مانگانە 150 هەزار دینار دەدەن، بەڵام دوو ساڵە خێرخوازان کرێی خانووەکەیان بۆ دەدەن. غەریبە عومەر، هاوژینی سالار، لە (بەرپرسیاری رەمەزان) بە گریانەوە باسی لە دۆخی نالەباری ژیانیان کرد و گوتی: "13 ساڵە لە کرێچیداین و رۆژ بە رۆژ ژیانمان ناخۆشتر دەبێت. خانووەکەمان دڵۆپە دەکات و لە کاتی باراندا دەبێتە گۆماو. هەموو کەلوپەلەکانمان کۆنەی خێرخوازانن."
 
غەریبە، کە خۆیشی نەخۆشە و بەهۆی بێپارەییەوە نەیتوانیوە سەردانی پزیشک بکات، باسی برسێتیی منداڵەکانی دەکات و دەڵێت: "زۆرجار منداڵەکانم بە برسێتی دەخەون، چونکە خواردنمان نییە. دراوسێکانمان بۆ بەربانگ خواردنمان بۆ دێنن. بۆ جەژنیش چاومان لە دەستی خێرخوازانە جل و خواردنمان بۆ دابین بکەن."
 
سەرەڕای ئەم هەموو سەختییە، منداڵەکانی سالار و غەریبە لە خوێندن دا زیرەکن. سانیاری کوڕیان کە تەمەنی 7ساڵە و لە پۆلی یەکە، دەڵێت: "نمرەکانم زۆرباشن. حەزدەکەم ژوورێکی تایبەت بەخۆم هەبێت بۆ خوێندن و کە گەورە بووم ببمە مامۆستای زمانی کوردی. دەمانەوێت لە کرێچێتی رزگارمان بێت."
 
ئەم خێزانە هیچ داهاتێکیان نییە و تەنیا چاویان لە دەستی خێرخوازانە بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بە ژیانیان بدەن و چارەسەری پێویست بۆ باوکی نەخۆشیان بکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە