سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئامەد: نەمانی شەڕ بەس نییە؛ پێویستە یاسا دەربکرێن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد لەبارەی پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا دەڵێ: "نەمانی شەڕ گرنگە، بەڵام بەس نییە. پێویستە بە زووترین کات یاسا دەربکرێ." 
 
رۆژی هەینی 1ـی ئایاری 2026، کۆبوونەوەی مانگانەی (ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد) لەو شارەی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. محەممەد کایا، سەرۆکی ژوورەکە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووریی ئامەد، باکووری کوردستان و تورکیا قسەی کرد.
 
کایا رایگەیاند: "پێویستە لە دۆخی بێ شەڕ و پێکدادان تێپەڕین و بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی و ئەرێنی. دەبێت هەموار و رێکخستنە یاساییەکان بە زووترین کات جێبەجێ بکرێن. دۆخی بێ شەڕ و پێکدادان گرنگە، بەڵام بەس نییە. بۆ دڵنیابوون لە ئاساییکردنەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی، پێویستە یاسای تایبەت بە زووترین کات دەربکرێن." 
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردی لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ەوە دەستی پێکردووە، بەڵام دەم پارتی و پەکەکە دەڵێن، پرۆسەکە خاوە و پێویستی بە هەنگاوی خێراتر و کاریگەرە.
 
تەنانەت موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دەڵێ، پرۆسەی ئاشتی  ئێستا "هەڵپەسێردراوە و وەستێنراوە" و گوتی، بەبێ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دابینکردنی گەرەنتی یاسایی، پرۆسەی چەکدانان جێبەجێ ناکرێ.
 
دوێنێش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپەی تورکیا کۆبوونەوە و مژارێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد بوو.
 
بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە "پرۆسەی چارەسەری" بووە و تێیدا دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەکە تاوتوێ کراوە.
 
ئەردۆغان و باخچەلی هەڵسەنگاندنیان بۆ رەوتی ئێستای پرۆسەکە و هەنگاوەکانی داهاتوو کرد بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرجەی لایەنی دەسەڵاتدار کە "پێویستە پشتڕاست بکرێتەوە رێکخراوەکە بە هەموو بەشەکانییەوە چەکی داناوە." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رۆژی 1ی ئایار، رۆژی کرێکارانە لە جیهاندا.

سەندیکای کرێکاران: بەشێکی زۆری کرێکاران رۆژانە 10 بۆ 12 کاژێر کاریان پێ دەکرێت

ئەمڕۆ جەژنی جیهانیی کرێکانە و بەهۆیەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کراوەتە پشوو. بەرپرسێک لە سەندیکاکانی کرێکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دوو یاسای بەرکار بۆ مافی کرێکاران هیچیان وەکو خۆیان جێبەجێ ناکرێن.