رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکدا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، (کۆمەڵەی کوردستان) بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا راگەیێندرا.
رێوڕەسمەکە کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 28-04-2026 بەڕێوەچوو. هەریەکە لە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و ژمارەیەک دیپلۆمات، ئەکادیمی، وەبەرهێنەر و ئەندامی رەوەندی کوردی بەشداربوون.
لۆرا رۆبێرت، بەڕێوەبەری (کۆمەڵەی کوردستان) لە گوتارێکدا ئامانجی کۆمەڵەکەی خستەڕوو و رایگەیاند: "کۆمەڵەی کوردستان دەستپێشخەرییەکە بنکەکەی لە لەندەنە و کاردەکات بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژوویی و ستراتیژییەکانی نێوان شانشینی یەکگرتوو و هەرێمی کوردستانی عێراق."
لۆرا رۆبێرت گوتی، کۆمەڵەکە وەک سەکۆیەک بۆ گفتوگۆ، ئاڵوگۆڕی بیروڕا و هاوئاهەنگی، کەرتەکانی بازرگانی، ئەکادیمیا و رۆشنبیری کۆدەکاتەوە بۆ "قووڵترکردنەوەی تێگەیشتنی نێودەوڵەتی لەبارەی رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە گوتارەکەیدا دامەزراندنی کۆمەڵەکەی بە گرنگ ناوبرد و گوتی: "ئەمە سەکۆیەکی زیندووە بۆ گەیاندنی بوارەکانی کولتوور، ئەکادیمی و ئابووری لەنێوان کوردستان و بەریتانیا."
لە رێوڕەسمەکەدا کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا رایگەیاند، دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە "دەستپێکی لاپەڕەیەکی نوێ نییە، بەڵکو بەهێزکردنی پردە مێژووییەکەی نێوان هەردوولایە."
کاروان جەمال تاهیر ستراتیژیەتی نوێنەرایەتیی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە چوار بواری سەرەکیدا راگەیاند کە بریتین لە بازرگانی، پەروەردە، کەلتوور و ئاسایش؛ هەروەها گوتی: "پەیوەندیی ئێمە لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش بونیاد نراوە. لە هەوڵە هاوبەشەکانمان بۆ ئاسایشی ناوچەکە تاوەکو دەگاتە ئاڵوگۆڕە پەروەردەییەکانمان، بەریتانیا هاوبەشێکی دڵسۆز بووە لە کاروانی ئێمە بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی."
کۆمەڵەی کوردستان دەستپێشخەرییەکی سەربەخۆیە و وەک پردێک لەنێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ هاندانی هاوئاهەنگی لە کەرتە جیاوازەکاندا و پەرەپێدانی تێگەیشتنێکی قووڵتر بۆ کاروباری کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ