رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە سنووری قەزای خورماتوو دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە کە مووشەکێکی "زیرەک"ی تێدا بووە و بۆ ئاراستەکردنی بەرەو هەرێمی کوردستان ئامادەکرابوو.
رۆژی پێنجشەممە، 05-03-2026، یاسین محەممەد عەلی داودی، نوێنەری قەزای خورماتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 10:00ـی شەوی رابردوو، لە گوندی حەفریە لە ناحیەی سلێمان بەگی سەر بە قەزای خورماتوو، دەست بەسەر بارهەڵگرێکی جۆری 'کیا'دا گیراوە کە مووشەکێکی زیرەکی تێدا بووە."
یاسین داودی ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی سوپای عێراق لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە جووڵەی بارهەڵگرەکەیان بینیوە و دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە، بەڵام ئەو چەکدارانەی لەگەڵ بارهەڵگرەکەدا بوون، پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان هەڵاتوون.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین: "مووشەکەکە بۆ ئەوە هێنراوەتە ناوچەکە تاوەکو بەرەو هەرێمی کوردستان ئاراستە بکرێت، بەڵام پێش جێبەجێکردنی هێرشەکە، دەستی بەسەردا گیراوە." ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای ئەو رووداوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لێدراوە.
یاسین داودی ئاماژەی بەوەدا هێزێکی تایبەت لە کەرکووکەوە چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
ئەو شوێنەی مووشەکەکەی تێدا بووە، دەکەوێتە سنووری هێزەکانی لیوای 52ی حەشدی شەعبی، بە سەرۆکایەتیی مەهدی تەقی.
قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان؛ پێشتریش چەندین جار لە سنووری ئەو قەزایەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ