هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات: پێشوازی لە بڕیارەکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ دەکەین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ''خۆشحاڵی'' خۆیان بە بڕیاری دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بۆ پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانییەکەیانەوە نیشان دا و بە "هەنگاوێکی گرنگ بۆ یەکڕیزی" ناوی دەبەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بڕیاریدا لەمڕۆوە بەشداری لە هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێراندا بکات، ئێمەش بە گەرمی پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین".
 
هاوپەیمانییەکە رایگەیاندووە، "ئەم بڕیارەی کۆمەڵە لەم قۆناخە هەستیارەدا هەنگاوێکی گرنگە و یەکڕیزیی زیاتر و تەبایی پتری هێزە سیاسییەکانی لێ دەکەوێتەوە".
 
سەبارەت بە رۆڵی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەو هاوپەیمانییەتییەدا، لە راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کراوە، "وەک چۆن کۆمەڵە لە داڕشتنی بڕگە و خاڵەکانی پلاتفۆڕمی پەسەندکراوی هاوپەیمانییەکەدا رۆڵ و نەخشێکی گرنگیان هەبوو، لە بەردەوامی کاری مەیدانی و بەدیهێنانی ئامانجەکانیشدا رۆڵی کاریگەری خۆیان دەبێت".
 
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران جەختیش دەکاتەوە کە "هێز لە یەکگرتن و یەکڕیزیدایە و بێگومان ئەو یەکگرتن و هاوپەیمانییە لە ئامانجەکانمان نزیکترمان دەکاتەوە".
 
رۆژی 23ی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، پێنج حیزب و لایەنی رۆژهەڵاتی کوردستان (هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران)ـیان راگەیاند.
 
ئەو پێنج لایەنەی هاوپەیمانییەکەیان پێکهێناوە پێکدێن لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازاد (پژاک)، پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.
 
بەگوێرەی یەکەم راگەیێندراوی هاوپەیمانییەکە، پاش قۆناخی گۆڕینەوەی بیروڕا و کاری مەیدانی لە 'ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری'دا هاوپەیمانییەکەیان پێکهێناوە و مەبەست لێی، "یەکڕیزی و هاوخەباتیی پتر بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران و پیدانی قورسایی و دەوری زیاتری کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی لە خەبات."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی: هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم جەنگە

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 35ـەمین ساڵیادی راپەڕینی ساڵی 1991دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختدەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە، داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات رێگری لە هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بگرێت.