نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە سلێمانی: لە دۆخێکی زۆر خراپداین و هیوادارین حکومەت بێت بەهانامانەوە

05-04-2022
ئەکرەم فەرەج
نەخۆشخانەی د. جەمالی منداڵان. وێنە: رووداو
نەخۆشخانەی د. جەمالی منداڵان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

بەهۆی مانگرتنی کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمانەوە، کێشەی کەمیی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی دروستبووە.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی دەڵێت، بە ناچاری بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانیان راگرتووە و کەمیی دەرمان بەردەوام بێت، تەنیا سێ بۆ چوار رۆژی دیکە بەردەوام دەبین لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان.
 
د. شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی دەڵێت، "لە دوێنێوە ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە نەشتەرگەریی سارد هەیە، دەستمان بەڕوویانەوە ناوە. هەر ئەمڕۆ نزیکەی 30 نەخۆش لە بەشی نەشتەرگەرییەکەمان کۆببوونەوە و هاتبوون بۆئەوەی نەشتەرگەریی ساردیان بۆ بکرێت، هەموویانمان ئیزندا. ئەگەر وا بڕوات، پەتی دوورینەوە و دەستکێشمان نییە، کە ئەمانە شتی بنچینەیین بۆئەوەی نەشتەرگەری بکەیت. ئەگەر کەس بەهانامانەوە نەیەت، بەداخەوە دەڵێم کە بە خەڵک دەڵێین ناتوانین نەشتەرگەریتان بۆ بکەین و بچنە دەرەوە".
 
بەهۆی بەردەوامیی کێشەی کەمیی دەرمانەوە، هەریەکە لە نەخۆشخانەکانی هیوا، منداڵبوون، د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، پسپۆڕییەکانی دڵ و بانکی خوێن لە شاری سلێمانی، بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانیان راگرتووە و هەڕەشەی داخستنیان لەسەرە.
 
د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمالی منداڵان دەڵێت، "بەڕاستی لە دۆخێکی زۆر زۆر خراپداین، بەڵام ئەوەی من لێی دەترسم و جێگەی ئازارە و هەمیشە ئاوات دەخوازم دووبارە نەبێتەوە، ئەوەیە کە پێشتر منداڵم دەبینی لەناو نەخۆشخانەدا بە مردنەوە بوو و چارەسەری بۆ نەدەکرا، ئاواتەخوازم ئەمە نەبینمەوە، چونکە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆمەڵێک منداڵ پێویستیان بە چارەسەر دەبێت، بەڵام چارەسەرەکە لەنێو نەخۆشخانەکاندا نەبن و خەڵکەکەش خۆیان هەژار بن و توانای کڕینی دەرمانیان نەبێت. هیوادارم نەگەینە ئەو دۆخە و حکومەت بێت بە دەنگمانەوە".
 
کۆمپانیاکانی دابینکاری دەرمان و پێداویستییە پزیشکی و تاقیگەییەکان، بە بەهای 10 ملیار دینار پارەیان لای حکومەتە هەرچەندە بڕیاربوو تاوەکو سەرەتای مانگی نیسان 20%ی پارەی هەر کۆمپانیایەک بدرێت، بەڵام نەدرا، ئەوەش خەریکە تەواو کەرتی تەندروستیی حکومی لە سلێمانی پەکدەخات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە