رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026 دوو تەقینەوە شاری قامشلۆیان هەژاند. یەکەمیان بە درۆن و ئەوی دیکەش لە رێگەی شۆفێری ماتۆڕسکیلێک بوو.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بڵاویکردەوە، هاوکات لەگەڵ هێرشێکی درۆنی بۆسەر گەڕەکی (عویجە) لە قامشلۆ، هێرشکارێکی خۆکوژ کە ماتۆڕسکیلی پێبوو، خۆی لەنێو گەراجی نەخۆشخانەی (دڵ و چاو) تەقاندەوە.
بەپێی زانیارییەکانی هەسەدە، زیانەکان تەنیا مادی بوون و تاوەکو ئێستا هیچ بریندار و گیانلەدەستدانێکی سڤیل یان سەربازی تۆمار نەکراوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان لە قامشلۆ پێشتر بە رووداویان راگەیاند، هێرشە درۆنییەکە دوو ژووری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان لە ناوچەی عویجە کردووەتە ئامانج، بەڵام بەهۆی چۆڵبوونی ژوورەکانەوە کەسی نەپێکاوە.
ئەم تەقینەوانە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێن کە وەزارەتی بەرگریی سووریا و فەرماندەیی گشتیی هەسەدە لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ