رووداو دیجیتاڵ
شاری کۆبانیی رۆژئاوای کوردستان، رووبەڕووی بارودۆخێکی مرۆیی "کارەساتبار" بووەتەوە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، "کارەبا، خواردن و خواردنەوەمان نییە و بازاڕ و مارکێتەکانیش هیچیان نەماوە بۆ فرۆشتن."
سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هۆشداریی دا لەوەی هەزاران هاووڵاتیی سڤیل لە مەترسییەکی گەورەدان، چونکە ئاوی خواردنەوە و کارەبا بە تەواوی بڕاوە. ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی ناوەندە تەندروستییەکان، سیستمی ئاو و تۆڕەکانی پەیوەندی، هاوکات شارەکە بە تەواوی لە دەوروبەری دابڕاوە و هیچ هاوکارییەکی مرۆیی ناگاتە ناو کۆبانی.
"ئارد نەماوە"
لەبارەی پێداویستییە سەرەکییەکانیشەوە، رامی عەبدولڕەحمان بە رووداوی گوت، "ئارد لە بازاڕەکانی کۆبانی دا بە تەواوی نەماوە و نان دەست ناکەوێت، هەروەها خۆراکی سەرەکی و شیری منداڵان زۆر کەمن."
ئاماژەی بەوەش کرد، نەبوونی سووتەمەنی بووەتە هۆی وەستانی ئامرازەکانی گواستنەوە و موەلیدەکانی کارەبا، ئەمەش مەینەتییەکانی دانیشتووانی، بەتایبەت ژنان و منداڵان، گەیاندووەتە لووتکە.
"تاوەکو دوێنێ ئێوارە شەڕ بەردەوام بووە"
مستەفا خەلیل، شارەزای ئابوورییە و ئێستا لە کۆبانی-یە. لەبارەی دۆخی شارەکە بە رووداوی گوت، گەمارۆ لەسەر کۆبانی بەردەوامە و هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی وەستاوە.
لەبارەی دۆخی ئەمنیشەوە گوتی، "تاوەکو ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، بەردەوام دەنگی تەقە دەبیسترا، بەڵام ئەم بەیانییە دۆخەکە کەمێک ئارامە."
مستەفا خەلیل گوتیشی، "بازاڕ بە تەواوی پەکیکەوتووە و مارکێتەکان خۆراکیان نەماوە، ئەگەر بەپەلە فریای کۆبانی نەکەون، کارەسات روودەدا."
رامین عەبدولڕەحمان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە بەخشەرەکان کرد بەپەلە بجووڵێن و گوشار دروست بکەن بۆ کردنەوەی رێڕەوی ئارام، تاوەکو هاوکارییە مرۆییەکان، ئارد، سووتەمەنی و پێداویستییە پزیشکییەکان بگەیێندرێنە شارەکە، پێش ئەوەی بارودۆخەکە بەرەو کارەساتێکی مرۆیی گەورەتر بڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ