رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت سەرەتاى هەفتەى داهاتوو ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانەوە رەوانەى دەستەکەى بکرێت و لە ماوەى هەفتەیەکدا وردبینى لە سیڤیی بەربژێران دەکەن.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکى دەستەى دەستپاکیی هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لەگەڵ کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رێککەوتوون و پێیانڕاگەیاندوون ئامادەن وردبینى لە دۆسیەى بەربژێرەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکەن و لە ماوەى هەفتەیەکدا وەڵامی کۆمیسیۆن دەدەنەوە."
رۆژی 3ى نیسان دوارۆژى وەرگرتنى بەربژێرانى ھەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بوو کە تاوەکو ئەو کاتە دوو هاوپەیمانیێتى و 10 پارت لیستى بەربژێرانیان رادەست کرد لەگەڵ 54 بەربژێرى سەربەخۆ.
ئەحمەد ئەنوەر گوتی، ئەو ناوانەى بۆیان دەنێردرێت لێیان دەکۆڵنەوە تاوەکو بزانن لەسەر تاوانى گەندەڵى سزادراون یان نا، لەگەڵ دەستەى دەستپاکیی عێراقیش هاوئاهەنگیان هەیە بۆ ئەوەى زانیایی لەو بارەیەوە ئاڵوگۆڕ بکەن.
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن لەدواى ناردنى ناوى بەربژێران دەنێردرێت بۆ دەستەى دەستپاکیى هەرێمى کوردستان و عێراق، دەستەى لێپرسینەوە و دادوەریى عێراق، هەروەها بۆ هەردوو وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆسیەکانیان لە رووى تاوان، گەندەڵى و هەبوونی پەیوەندی بە حیزبى بەعسەوە و دەبێت لە ماوەى 15 رۆژدا ئەو دامەزراوانە وەڵامیان بدەنەوە.
سەرۆکى دەستەى دەستپاکیی هەرێمی کوردستان گوتى: "بڕیارە لە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو کۆمیسیۆن ناوى بەربژێران رەوانەى دەستەکەمان بکات و بەشێوەى ئەلیکترۆنى وەڵامیان دەدرێتەوە."
رۆژی 10ى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
بڕیارە 8ى نیسان لە بارەگاى کۆمیسیۆن لە بەغدا تیروپشک بۆ ژمارەى پارت، هاوپەیمانێتییەکان و بەربژێرانى سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ