گرژییەکانی ناوچەکە نرخی گازی چوار هێندە کردووە و بەشێکی نانەواخانەکان دار بەکاردەهێنن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئەبوبەکر ئیسماعیل
ئامادەکردنی دار بۆ برژاندنی نان
ئامادەکردنی دار بۆ برژاندنی نان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کەمبوونەوەی گازی بازرگانی و بەرزبوونەوەی نرخەکەی، نانەواخانەکانی رانیە و زاخۆ ناچارن پەنا بۆ دار و تەنووری گڵین ببەنەوە بۆ ئەوەی لە کارکردن نەکەون.
 
زیاتر لە مانگێکە ئاگری گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران سنوورەکانی بڕیوە و کاریگەرییە ئابوورییەکانی گەیشتوونەتە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. 
 
وەستا مەحەممەد، کە زیاتر لە 30 ساڵە لە رانیە پیشەی نانەوایە، ئێستا ناچارە گوزەرانی خۆی و نانەواخانەکەی بە شێوازە کۆنەکەی باوباپیرانی دابین بکات. ئەو دەڵێت، بەهۆی ئەوەی گازی بازرگانی لە بازاڕدا کەمبووەتەوە و نرخەکەشی گران بووە، بۆ ئەوەی نانەواخانەکەی دانەخات، پشتی بە دار بەستووە.
 
مەحەممەد زاهیر، خاوەن نانەواخانەیەکی دیکەیە لە رانیە و سەبارەت بە تێچووی کارەکەیان دەڵێت: "هەر نانەواخانەیەک رۆژانە لانی کەم پێویستی بە 6 بوتڵ گاز هەیە. ئێستا کە لە بازاڕدا گاز کەمبووەتەوە و دەستناکەوێت، پەنامان بردووەتە بەر دار، کە ئەویش تێچوویەکی زۆری هەیە و هەر بارێکی بە نزیکەی 250,000 دینارە."
 
نرخی گاز چوار هێندە بووە
 
پێش سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، خاوەن نانەواخانەکان هەر بوتڵێک گازیان بە 8,500 دینار دەکڕی، بەڵام ئێستا نرخی هەر بوتڵێک گەیشتووەتە نزیکەی 30,000 دینار. ئەم بازدانە گەورەیە لە نرخەکاندا، باری دارایی نانەواکانی قورس کردووە و بەشێکیانی ناچار کردووە شێوازی کارکردنیان بگۆڕن.
 
ئەم قەیرانە تەنیا ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە زاخۆش خاوەن فڕن و نانەواخانەکان لەبەردەم دوو بژاردەدان؛ یان وەستان لە کار، یان گەڕانەوە بۆ سەردەمی دار و تەنوورە گڵینەکان.
 
کاریگەری لەسەر قووتی خەڵک 
 
گرانبوونی گاز تەنیا زیانی بە خاوەن نانەواخانەکان نەگەیاندووە، بەڵکو راستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر قووتی رۆژانەی خەڵکیش.
 
محەممەد حوسنی، خاوەن نانەوا لە زاخۆ ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی گرانبوونی تێچووەکانیان، ئێستا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کێش و نرخی نان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
 
لە زۆربەی نانەواخانەکاندا، ئێستا 6 نان بە 1,000 دینار دەدرێت بە خەڵک. لە کاتێکدا کێشی هەر نانێک بۆ 100 گرام کەمکراوەتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان تێچووی بەرهەمهێنان و نرخی فرۆشتندا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی کۆبوونەوەکە لە فەیسبووکی وەزارەتی تەندروستی وەرگیراوە.

وەزارەتی تەندروستی: کارئاسانیی تەواو بۆ هاوردەکردنی خۆراک دەکرێت

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی و ژمارەیەک لە بازرگانانی خۆراک کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کارئاسانیی تەواو بۆ هاوردەکردنی خۆراک و خواردنەوەکان بکرێت، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە گرانبوون و قۆرخکاری بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە.