لەگەڵ رەنج؛ لە زوممار عەرەبی هاوردە 'هەوڵی داگیركردنەوەی ‏زەوی و خانووی كورد دەدەن'

06-05-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوای رووخانی بەعس، لە ناوچەی زومماری پارێزگای نەینەوا ئەو جووتیارە کوردانەی بە راگوازرابوون، گەڕانەوە گوندەکانیان و زەوییەکانیان لە عەرەبی هاوردە وەرگرتەوە. ئێستا جارێکی دیکە بە پاڵپشتیی چەند پەرلەمانتارێکی عەرەب هەوڵی گەڕاندنەوەی 250 لەو خێزانە عەرەبە هاوردانە دەدرێت بۆ سەر ماڵ و زەوی جووتیارانی کورد.
 
رۆژی یەکشەممە، 5ـی ئایاری 2024، بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی محەممەد جاسم كاكەیی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ‏بەرگری لە ‏‏ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا؛ هەژار هەسنی، مامۆستای زانكۆ ‌و خەڵكی ‏سنووری زوممار؛ شێخ ساڵح گەرگەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە نەینەوا؛ رەبیع یوسف، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا؛ ئەحمەد نەواف، پارێزەر؛ فەرەج میرزا، پێشمەرگەی دێرینی پارتی و عەزیزە عەبدولعەزیز، مامۆستا لە سنووری زوممار دۆخی جووتیارانی کورد لە زوممار و داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە تاوتوێکرا.
 
 
"کێشەکە بە یاسا چارەسەر دەکەین"
 
محەممەد جاسم كاكەیی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ‏بەرگری لە ‏‏ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێ لە رێگەی یاساوە مافی جووتیارانی کورد وەربگرینەوە. بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەری تاپۆی نەینەوام بانگهێشتی ئەنجوومەنی پارێزگا کرد و داوام لێکرد نووسراوێک ئاراستەی بەغدا بکات بۆ ئەوەی تاپۆی راستەقینەی زەوییەکان دەربهێنرێت. هەرچەند بەشێک بەڵام بەشێک زەوییانە سڕاونەتەوە و ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق خۆی بە خاوەنیان دەزانێت".
 
بە گوتەی محەممەد جاسم کاکەیی: "بەپێی یاسا، هەر زەوییەک بسڕێتەوە، دەبێ خاوەنەکەی قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام کەسیان قەرەبوویان وەرنەگرتووە، لەبەرئەوەی بە زۆرەملێ خاوەن زەوییەکان گواستراونەتەوە ناوچەکانی دیکەی نەینەوا."
 
سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ‏بەرگری لە ‏‏ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: "ئەو عەرەبە هاوردانە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراق بەشێکیان چوونە نێو سەربازگەی دۆمیز و ئێستا سوپای عێراق بەنیازە دەریان بکات، بەڵام ئێمە رێگە نادەین بگەڕێنەوە کۆمەڵگەی بەردییە".
 
"نابێ عەرەبی هاوردە بگەڕێنەوە"
 
سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ‏بەرگری لە ‏‏ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باس لەوە دەکات، لە ئەنجوومەنی پارێزگا پاڵپشتی سەرجەم ئەو جووتیارە کوردانە دەکەن کە زەوییەکانیان سڕاونەتەوە و قەرەبوو نەکراونەتەوە، بۆ ئەوەی لە دادگە سکاڵا بۆ وەرگرتنی قەرەبوو یان گەڕاندنەوەی زەوییەکانیان تۆمار بکەن. 
 
دەشڵێت، "ئەگەر زانیمان گەیشتووینەتە بنبەست و لە رێگەی یاساوە کارەکان رایی ناکرێن، داوا لە پارتی و یەکێتی دەکەین وەکو دوو هێزی سەرەکی هەرێمی کوردستان بێنە سەر هێڵ".
 
250 خێزانی عەرەبی هاوردە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس (ساڵی2003) لە سەربازگەی دۆمیز نیشتەجێبوون. بەڵام ئێستا سوپای عێراق داوایان لێدەکات ئەو سەربازگە چۆڵ بکەن. محەممەد جاسم کاکەیی گوتی: "ئەو خێزانانە بەنیازن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە کۆمەڵگەی بەردییە. لە ئەنجوومەنی پارێزگا لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا کۆبووینەوە و داوامان کرد جارێ ئەو بڕیارەیان رابگرن بۆ ئەوەی رێگەچارەیەکیان بۆ بدۆزرێتەوە، چونکە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین بگەڕێنەوە کۆمەڵگەی بەردییە".
 
زیاتر روونی دەکاتەوە: "پارێزگاری نەینەوامان بانگهێشتی ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە، لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی زەویی جووتیارانی کوردی زوممار دەخەینە بەرباس و دەشڵێین کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین ئەو خێزانە عەرەبانە جارێکی دیکە ببرێنە سەر ماڵ و موڵکی کورد".
 
"دەبێ جووتیارانی کورد لە دادگە سکاڵا تۆماربکەن"
 
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نەینەوا داوا لە جووتیارانی کوردی زوممار دەکات بۆ رێگری لە "داگیرکردنەوەی زەوییەکانیان" لە دادگە سکاڵا تۆمار بکەن "بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی کورد لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق پشتیوانی لە دۆسیەکەیان بکەن".
 
شێخ ساڵح گەرگەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە نەینەوا پێیوایە؛ "بە بەڵگە و شایەتیش سەلمێندراوە ئەو زەوییانە سەرجەمیان موڵکی کوردن، داگیرکردنی ئەو زەوییانە کێشەیەکی سیاسییە و دەبێت لە رێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت".
 
شێخ ساڵح گەرگەری دەڵێت: "ئێستا ئەو کێشەیە تەنیا لە کۆمەڵگەی بەردییە هەیە. دەبێت خەڵکی بەردییە سکاڵا لە دادگە تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ پشتیوانی لە دۆسیەکەیان بکەن".
 
زەویی جووتیاران "تاکە کێشەی خەڵکی زومار نییە"
 
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە نەینەوا ئەو گرفتەی ئێستا بۆ جووتیارانی کورد لە زوممار دروستبووە دەخاتە ئەستۆی بەڕێوەبەری ناحیەکە. "ئەو تۆمەتبارە بەو دۆخەی هاتووەتە پێش".
 
شێخ ساڵح گەرگەری دەشڵێت: "کێشەی کورد لە زوممار تەنیا زەویوزار نییە، بەڵکو ناوچەکە لەڕووی خزمەتگوزاریشەوە وێرانە، نە شەقامێکی تێدایە و نە قوتابخانەیەک و نە نەخۆشخانەیەک، گرفتی ئاو و کارەبای هەیە، بۆ چارەسەری ئەو کێشانە راپۆرتمان بۆ سەرکردایەتی یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرزکردووەتەوە".
 
ئەنجوومەنی پارێزگا مامەڵە لەگەڵ بەڵگەنامەکان دەکات
 
د. رەبیع یوسف، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ چارەسەریی کێشەی زەوی جووتیارانی کورد لە زوممار دەڵێت: "ئێمە وەکو ئەنجوومەنى پارێزگا مامەڵە لەگەڵ ئەو بەڵگەنامە فەرماییانە دەکەین کە موڵکدارى کەسێک بۆ زەوییەکە دەسەلمێنیت، لەگەڵ پاراستنى مافى باو و باپیران لە هەر ناوچەیەک".
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، لەگەڵ گەرەنتیکردنى بوونى هەر پێکھاتەیەکى بنەڕەتین لە هەر ناوچەیەک، زوممار بۆ پاریزگاى نەینەوا گرنگى زۆرى هەیە: "ئێمە پاڵشتى هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەڵگەنامەیان هەبێت و بیسەلمێنێت کە  خاوەنى ئەو زەوییانەن، هەرگیز لەگەڵ گۆڕینى دیمۆگرافى نین، واتا لەگەڵ ئەوە نین زەوى لە کەسێک بسەندرێت و بدرێت یە پێکهاتەیەکى دیکە". 
 
چیرۆکی راگواستنی جووتیارانی کورد لە زوممار
 
ئەحمەد نەواف، پارێزەر لە زوممار چیرۆکی راگواستنی جووتیارانی کورد لە زوممار دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئەوکات دابەشیان کردوون بەسەر گوندە عەرەبەکان و لە هەر گوندێک پێنج خێزانی کوردیان نیشتەجێ کردووە."
 
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، "ساڵی 1974 رژێمی بەعس فەرمانی راگواستنی کوردی لە ناوچەی زومار دەرکرد و دابەشیان کردینە سەر گوندە عەرەبەکان. هەر پێنج ماڵێکی کورد بۆ گوندێک گواستراینەوە. ئەو گوندانە تەنانەت ئاوی خواردنەوەشیان نەبوو، بەڵام گوند و ناوچەکانی ئێمە ئاوێکی زۆر و زەوییەکی بەپیتی هەبوو".
 
 
ئەحمەد نەواف دەڵێت: "لە ساڵی 2003، دوای رووخانی رژێمی بەعس، گەڕاینەوە ناوچەکانی خۆمان و ئەو عەرەبانەی لەسەر زەوییەکانمان بوون ئاگادارمان کردنەوە کە بۆمان چۆڵ بکەن، بەشێکیان رۆیشتن و بەشێکیشیان سکاڵایان تۆمارکرد. لە کۆتاییدا توانیمان زەوییەکانمان وەربگرینەوە. بەڵام لەڕووی یاساییەوە هێندێک گرفتمان بۆ هاتەپێش. بەشێک لە زەوییەکانمان لە سەردەمی رژێمی پێشوو سڕابوونەوە".
 
"چەند سیاسییەک لەپشت گەڕانەوەی عەرەبی هاوردەن"
 
بە گوتەی ئەو پارێزەرە کوردە: "هەندێک خەڵکی سیاسی عێراقی هانی ئەو عەرەبە هاوردانە دەدەن بۆ ئەوەی داوای زەوییەکانی ئێمە بکەنەوە و بگەڕێنەوە سەر گوندەکانمان، مەترسییەکی زۆر هەیە جارێکی دیکە زەوییەکانمان داگیر بکرێتەوە".
 
ئەحمەد نەواف باس لەوەش دەکات کە "زەویی جووتیارانی کورد لە زوممار تاپۆ و گرێبەستی کشتوکاڵییان هەیە. دەیسەلمێنێت ئێمە خاوەنیانین. بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا هەوڵێکی ئەوتۆیان نەداوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە زەوییەکانمان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە داگیر نەکرێتەوە".
 
لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە "پرۆسەی بەعەرەبکردن خێرا بووە"
 
فەرەج میرزا، پێشمەرگەی دێرینی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە "تاوەکو ئێستا بەغدا بەردەوامە لە سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکان، هەرکاتێک کورد بەهێز بووبێت؛ ئەو سیاسەتە خاو بووەتەوە و کاتێکیش کورد لاواز بووبێت بەهێز دەکرێتەوە. بەر لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، دۆخی ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ ئێستا جیاوازی زۆر بوو، ئێستا پرۆسەی بەعەرەبکردن زۆر خێراتر بووە".
 
بە بڕوای ئەو پێشمەرگە دێرینە، ئێستا لە زوممار کێشە لەسەر خاکی کورد هەیە و "بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە شانی سەرکردایەتی سیاسیی کورد و تەنانەت هەموو تاکێکی کورد پشکی لەو بەرپرسیاریەتییە بەردەکەوێت بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە جوگرافیای خۆی بکات".

 

 
زوممار "دەوڵەمەندترین ناحیەی نەینەوایە"
 
مامۆستایەکی سنووری زوممار دەڵێت: "ئەوێ گەورەترین ناحیەی پارێزگای نەینەوایە و لەڕووی سامانی سرووشتی و زەوی کشتوکاڵییەوە، دەوڵەمەندترین ناوچەی پارێزگاکەیە."
 
عەزیزە عەبدولعەزیز، مامۆستا لە سنووری زوممار گوتی: "زومار گەورەترین ناحیەی پارێزگای نەینەوایە، زەوییەکی بەپیتی هەیە و لەڕووی سامانی سرووشتیشەوە ناوچەیەکی یەکجار دەوڵەمەندە بە نەوت، لەگەڵ ئەوەشدا چوار عەشیرەتی گەورەی کورد لەو ناوچەیە دەژین، بەڵام وەکو ئەوە وایە ون بووبین و فەرامۆش کرابین."
 
ئەو مامۆستایە باس لە نەبوونی خزمەتگوزاری لە زوممار و نەبوونی قوتابخانە و نەخۆشخانەی گونجاو بۆ ناحیەکە دەکات و دەشڵێت: "ئێمە ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتارمان لە عێراق هەیە، تا ئێستا هیچیان بۆ ناوچەکەی ئێمە نەکردووە، دەبێ نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێکبکەون بۆ چارەسەری کێشەکانمان".
 
کێشەی زەوی جووتیاران "بە یاسا چارەسەر نابێت"
 
مامۆستایەکی زانکۆ لە سنووری زوممار پێیوایە کێشەی زەوی جووتیارانی کورد بە ساکاڵاکردن و لەڕێی یاساوە چارەسەر نابێت. ئەو مامۆستایە کێشەکان بە سیاسی دەزانێت و لەو باوەڕەیە "تەنیا لە رێگەی سیاسییەوە چارەسەر دەکرێت."
 
هەژار هەسنی، مامۆستای زانكۆ و خەڵكی ‏سنووری زوممار دەڵێت: "چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکان و زەوی جووتیارانی کورد لەو ناوچانە بە بڕیارێک یان گۆچانێکی سیحری ناکرێت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک کێشە لە ناوەڕۆکی ئەم بابەتەدا پەنگیان خواردووەتەوە کە رەنگە لەسەر ئاستی لۆکاڵی و بەتەنیا نێوخۆی عێراق چارەسەر نەکرێت".
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.