کوردستان
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و "تەنیا پێویستی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانەیە."
ئهمڕۆ دووشەممە 05-05-2025 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان پێشوازیى له شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، کە لە ئەندامانی لیژنەکانی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانی پێکهاتبوو.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵ کراوەتەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی لە بەرژەوەنديی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدان.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جووڵەی کاڵاکان لەنێوان هەموو ناوچەکانی عێراقدا و نەهێشتنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لەوبارەیەوە کرایەوە.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا خراوەتەڕوو، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەورووپا لەڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا، جەخت لە بەشداری و سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا کرایەوە.
مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە، "پێویستە رێز لە سیستمی فیدراڵی و دەستووریی عێراق بگیرێت، کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەکی دەستنیشان کردووە."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش داوە، عێراق لەڕووی ماددی و مرۆییەوە، "وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگیشە، تەنیا پێویستی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانەیە، کە رێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ