رووداو دیجیتاڵ
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، هێزێکی پۆلیسی رەحیماوا و ئاسایشی کەرکووک لەنێو شاری سلێمانی تۆمەتباری دووەمی کوشتنی مام عەلییان دەستگیر کردووە.
مام عەلی هاونیشتمانییەکی کەرکووک بوو، رۆژی 1ی 5 رفێندرا و 2ی 5 تەرمەکەی لە خانوویەکی تەواونەکراودا لە گەڕەکی شۆراوی شارەکە دۆزرایەوە.
دوای چەند کاژێرێک لە دۆزینەوەی تەرمەکەی، پۆلیسی کەرکووک تۆمەتبارەکەی دەستگیر کرد و ئۆتۆمبێلەکەیشی دۆزییەوە. تۆمەتبارەکە لای پۆلیس دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆمەتباری دووەم هاوکاری بکوژی کردووە و پێکەوە هەوڵیانداوە ئۆتۆمبێلەکەی مام عەلی بفرۆشن.
مام عەلی ناوی تەواوی عەلی حەمەد ئیسماعیلە و تەمەنی 57 ساڵ بوو، خەڵکی گەڕەکی کوردستان بوو لە کەرکووک.
وردەکاریی رووداوەکە
مام عەلی نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 01-05-2025، بە ئۆتۆمبێلەکەی لە ماڵ دەرچووە و دواتر دیار نەماوە.
نیگەرانی کەسوکارەکەی لەوکاتەوە دروستبوو کە هەواڵیان پێدرا ئۆتۆمبێلەکەی براوەتە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل و کەسێک ویستوویەتی بە هەرزان بیفرۆشێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ بەڵگەنامەیەکی ئۆتۆمبێلەکەی بە ناوەوە نەبووە، لێیان نەکڕیوە.
ئەوکات محەممەد عەلی، کوڕی کوژراوەکە بە رووداوی گوت، ''باوکم کەسێکی کاسب و بێ کێشە بوو، نیوەڕۆ [ـی پێنجشەممە] تەلەفۆنی بۆ دایکم کرد، گوتی کەسێک هەیە دەیگەیێنمە جێ، لەدوای ئەو تەلەفۆنەوە تاوەکو کاژێر 1:30 [دوانیوەڕۆ] خولەک تەلەفۆنی بۆ دەڕۆیی، بەڵام دواتر تەلەفۆنەکەی داخرا".
بەگوتەی کوڕەکەی، ''برادەرێکی باوکم کاژێر 5:00ـی ئێوارە [ـی پێنجشەممە] لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل، ئۆتۆمبێلی باوکمی بینیبوو و ناسیبوویەوە کە کەسێک وسیتوویەتی بیفرۆشێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئێمەی ئاگادار کردەوە، ئەو کەسە بە ئۆتۆمبێلەکەوە هەڵات".
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بێت، بکوژ بە بیانووی کڕینی خانوو، شۆفێرەکەی بردووەتە گەڕەکی شۆراو و دەگوترێت بەر لە دیارنەمانی، ئەو بابەتەی بە تەلەفۆن بە ماڵەوە راگەیاندووە. بەگوتەی کەسوکارەکەی، عەلی حەمەد دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنی لەو کەلاوەدا کردووە.
کەسوکار و هاوڕێکانی کەلاوەکانی گەڕەکی شۆراو گەڕان و تەرمی عەلی حەمەد ئیسماعیلیان، لە یەکێکیان دۆزییەوە کە بە دەمانچە کوژرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ