رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، دوێنێ دێرین عوزێرییان دەستگیرکردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ناوبراو بەگوێرەی مادەی 412 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئایار، عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دێرین ئەحمەد محەمەد ناسراو بە دێرین عوزێری، دوێنێ دەستگیرکرا و ئەمڕۆ خراوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە."
عەقید سەلام عەبدولخالق دەڵێت، دێرین عوزێری لەماوەی رابردوودا فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە و ئێستاش رووبەرووی یاسا کراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دێرین عوزێری بەپێی مادەی 412 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.
لە مادەی 412 تایبەتە بە بریندارکردن و ئازارگەیاندنی بە ئەنقەست، کە تێیدا هاتووە:
1- ئەوەی بەئەنقەست دەستدرێژی کردبێتە سەر یەکێک، بەبریندارکردن یان بە لێدان بە تووندوتیژی یان بە پێدانی مادەیەکی زیانبەخش یان بە ھەر کارێکی دیکەی یاساشکێن بۆ روودانی کەمئەندامیی بەردەوام، بە بەندکردن سزادەدرێت، بە مەرجێک لە (15) ساڵ زیاتر نەبێت.
2- بە بەندکردن سزادەدرێت لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت، ئەگەر کارەکە کەمئەندامی لێکەوتبێتەوە بێ ئەوەی تاوانکار مەبەستی ئەوە بووبێت ئەو کەمئەندامبوونە رووبدات.
رۆژی 12-02-2024 ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی "وەرگرتنی سەرانە" لە بازرگانان و بریندارکردنی بازرگانێک، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ "کوێخا دێرین عوزێری" دەرکراوە و 'دیوەخانی سەرقەڵای عوزێر'یش رووخێندرا.
کوێخا دێرین عوزێری تۆمەتبارە بەوەی دوو کەسی ناردووەتە سەر بازرگانێک و برینداریان کردووە؛ ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، ئەو دوو کەسەیان دەستگیر کردووە و دانیان بە "تاوانەکەیاندا ناوە". ئەو سەرمایەدارەی داوای سەرانەی لێکراوە و کوێخا دێرینی پێ تۆمەتبار کراوە، هاونیشتمانییەکە ناوی ئەحمەد کامیل فەقێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ