کوردستان
ترەمپ دەڵێت، لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا (2017-2021) پەیوەندیی لەگەڵ ئەردۆغان "زۆر باش" بووە.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان ئێوارەی رۆژی دووشەممە 5-5-2025 کراوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندووە باوەڕی بەوە هەیە لە قۆناخی نوێدا تورکیا و ئەمریکا وەکو دوو هاوپەیمان دڵسۆزانە هاوئاهەنگیی نێوانیان بەرەوپێش دەبەن.
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، ئەردۆغان رایگەیاندووە پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان پێویستی بە زیادکردنی راوێژکاریی نێوان تورکیا و ئەمریکا هەیە لەسەر هەموو پرسەکان. هاوکات پاڵپشتیی خۆی بۆ هەنگاوە دەستپێشخەرییە یەکلاکەرەوە و راستەوخۆکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، نیشانداوە.
ئەردۆغان هەروەها دەڵێت، تورکیا هەر لە سەرەتای شەڕەوە "هەوڵی ئاشتییەکی دادپەروەر و بەردەوام دەدات و لەو هەوڵانەشی بەردەوامیش دەبێت".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها بە گرنگی زانیوە هاوئاهەنگی بۆ سەقامگیرکردن و ئاساییکردنەوەی دۆخی سووریا بکەن کە ئەمە ئاسانکاری بۆ پەنابەرانی سووری دەکات تاوەکو بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها بە ترەمپی راگەیاندووە، لە قۆناخی نوێدا هەنگاوەکانی ئەمریکا لەمەڕ بەرەنگاربوونەوەی 'تیرۆر' بە لێکتێگەیشتنێک کە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەبەرچاو بگرێت، گرنگە.
یەکێک لەو تەوەرانەی دیکە کە ئەردۆغان باسی کرد، سزا و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆژەی F-35 بوو و ئەردۆغان بە پێویستی زانی سزا و گەمارۆکان لەمبارەیەوە کۆتاییان بێت.
دۆناڵد ترەمپیش لە ئێکسێکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ 5-5-2025 بڵاویکردووەتەوە، باسی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کردووە و بە بەرهەمدار وەسفی دەکات.
لە بەشێکی ئێکسەکەیدا ترەمپ دەڵێت لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان باسیان لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، دۆخی سووریا، غەززە و زۆر بابەتی دیکە کردووە.
ترەمپ لەبارەی گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دەڵێت: "چاوم لەوەیە لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان کار بکەم بۆ ئەوەی ئەو جەنگە گاڵتەجاڕی و کوشندەیەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەر ئێستا رابگرین".
ترەمپ هەروەها نووسیویەتی: "سەرۆککۆمار بانگهێشتی کردم لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی تورکیا بکەم و بە هەمانشێوە ئەویش دێتە واشنتن دی سی. لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیمدا پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان زۆر باش بوو. ئێمە لە نزیکەوە کارمان لەسەر چەندین بابەت کرد".
ترەمپ گەڕاندنەوەی قەشە برۆنسنی بۆ ئەمریکا بە نموونە هێنایەوە کە ئەوکاتە لە تورکیا دەستبەسەر بوو و ببووە هۆکاری گرژیی نێوان ئەنقەرە و واشنتن. هەروەها دەڵێت، برۆنسن دەستبەجێ لەسەر داوای خۆی (ترەمپ) گەڕێندرایەوە ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ