وەزارەتی کارەبا: لە پڕۆژەی رووناکی نرخی کارەبا بۆ گەڕەکە هەژارنشینەکان دادەشکێندرێت

05-05-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پڕۆژەی رووناکیدا، حکومەت کارەبا بە نرخی پاڵپشتیکراو دەداتە گەڕەکە هەژارنشینەکان.
 
رۆژی دووشەممە، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پڕۆژەی رووناکیدا، حکومەت کارەبا بە نرخی پاڵپشتیکراو دەداتە گەڕەکە هەژارنشینەکان، ئەم پرۆسەیەش بە قۆناخ دەبێت و حکومەت پارەی بۆ تەرخانکردووە.
 
پارەی کارەبا چەندە و چۆنە؟
 
یەک کیلۆوات هەزار واتە. هەرچەندە نرخی کیلۆواتی کارەبای (پڕۆژەی رووناکی) بە فەرمی دیارینەکراوە و بەرپرسانی پڕۆژەکە دەڵێن، بە گوێرەی پلەبەندییە و 400 کیلۆواتی یەکەم نرخێک دەبێت و 400ـی دووەم زیاتر و هەر 400ێک زیاتر نرخەکە زیاتر بەرز دەبێتەوە.
 
بە گوێرەی تیمەکە، بەکارهێنانی کارەبا بۆ 400 کیلۆواتی نرخەکەی کەمترە و خێزانی کەم دەرامەت و ئەوانەی ئامێری کارەباییان کەمە دەتوانن لێی سوودمەند بن، ئەگەر بەکارهێنان بگاتە 800 کیلۆوات، نرخی 400 کیلۆواتی دووەم زیاتر دەبێت؛ ئەگەر 400 کیلۆواتی زیاتر بەکارهات و گەیشتە هەزار و 200 کیلۆوات، نرخی 400 کیلۆواتی سێیەم زیاتر دەبێت، بەڵام دەشڵێن: "ئەوەش هێشتا ئەزموونییە و بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە".
 
هەرچەندە بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، تاوەکو ئێستا نرخی کۆتایی کارەبا دیاری نەکراوە، بەڵام پێشتر بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی کارەبا بە رووداوی گوتبوو: "پێشنیاز کراوە نرخی 400 کیلۆواتی سەرەتا هەر کیلۆواتێکی 80 دینار بێت؛ 400ـی دووەم 100 دینار و 400ـی سێیەم بەرزبێتەوە بۆ 200 دینار بۆ یەک کیلۆوات، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی خەڵک کەمترین بڕی کارەبا بەکاربهێنن و زیاتر نەبێ لە 800 کیلۆوات."
 
نرخی یەک ئەمپێر لە 24 کاژێردا
 
220 وات لە کاژێرێکدا، ئەگەر 24 کاژێر بەردەوام بەکاربهێندرێت دەبێتە 5 کیلۆوات و 280 وات، ئەگەر بە تەواوی مانگەکە بە بەردەوامی ئەوەندە بەکاربهێندرێت، مانگانە دەبێتە و 158 کیلۆوات و 40 وات. ئەگەر نرخی یەک کیلۆوات 80 دینار بێت وەکو پێشبینی دەکرێت لە 400 کیلۆواتی سەرەتا نرخەکەی وابێت، تێچووەکەی دەبێتە 12 هەزار و 750 دینار، تێکڕا لە 400 کیلۆواتی یەکەم، کۆی مانگەکە 44 هەزار و 500 دیناری بۆ دێتەوە.
 
ئەگەر هاونیشتمانییەک لە سەرەتای یان نێوەڕاستی مانگەکەدا 400 کیلۆوات زیاتری بەکارهێنا و کەوتە نێو بەکارهێنانی 400 کیلۆواتی دووەمەوە، ئەوکاتە نرخی هەر کیلۆواتێک لەسەری بە 100 دینار هەژمار دەکرێت. لەم کاتەدا تێچووی 220 وات لەسەری دەبێتە 15 هەزار و 840 دینار.
 
لە ئەگەری زیاتر بەکارهێنان و چوونە نێو بڕی سێیەمی 400 کیلۆواتی پێشنیازکراوەوە کە دەگوترێت یەک کیلۆواتی 200 دینار دەبێت، ئەوە تێچووی ئەمپێرێکی مانگانە دەبێتە 31 هەزار و 680 دینار. واتا سێ ئەمپێری مانگانە دەبێتە 95 هەزار و 40 دینار.
 
ئومێد ئەحمەد: ئامانجمان کەمکردنەوەی بەکارهێنانە
 
لەبارەی پاڵپشتیکردنی حکومەت لە نرخی کارەبای پڕۆژەی رووناکی لە گەڕەکە هەژارنشینەکان، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە رووداوی گوت: "ئەگەر کارەبا بە 140 دیناربێ، حکومەت هەوڵدەدا نزیکەی 40٪ـی پارەکەی بدا، بۆ ئەوەی کەمترین خەرجی بکەوێتە سەر هاونیشتمانییان."
 
ئومێد ئەحمەد دەڵێت: "ئامانج لەم پلانە، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبایە نەک دابەزاندنی نرخ، چونکە بەکارهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، لە سەرووی ستانداردی جیهانییەوەیە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.