رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و لە بەشێکی دیکەی پەیامەکە باسی مووچە دەکات و دەڵێت: "بڕینی مووچە و سیاسەتی برسیكردنی بە کۆمەڵی گەلی كوردستان هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەنفال و كیمیاباران و ئەو جینۆسایدە نییە كە رژێمی پێشوو لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی دا."
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2025، بارەگای بارزانی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاوکردەوە و هاوکات پیرۆزبایی لە خانەوادەی "سەربەزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان" و هاونیشتمانییانی کوردستان دەکات.
سەرۆک بارزانی لەبارەی بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەڵێت: "لەكاتێكدا بەرەو ئەو جەژنە پیرۆزە دەڕۆین كە بە بڕیارێكی ناڕەوا و زاڵمانە قووت و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەستەڵاتدارانی بەغداوە بڕدراوە."
"بڕینی مووچە و سیاسەتی برسیكردنی بە کۆمەڵی گەلی كوردستان هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەنفال و كیمیاباران و ئەو جینۆسایدە نییە كە رژێمی پێشوو لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامی دا." سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا وای گوت.
هاوکات سەرۆک بارزانی باس لەوە دەکات کە "ئیرادەی گەلی كوردستان لە هەموو ستەمكاری و تاوان و ئەنفالێك بەهێزتر و بەرزترە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە "با ئەوانەی دژایەتیی خەڵک و هەرێمی کوردستان دەکەن ئاوڕێك لە مێژوو بدەنەوە، گەلی كوردستان لە بەرانبەر هەموو گوشار و زەبروزەنگێكدا خۆڕاگر بوو و بە سەر نەیار و تاوانباراندا سەركەوت، و هەر پەشیمانی بۆ زۆرداران مایەوە."
بەبۆنەی "جەژنی قوربانی پیرۆزەوە" سەرۆک بارزانی "سوپاسی خۆڕاگری، جوامێری و سەربەرزیی تاک بە تاکی" گەلی کورد دەکات و لە خودای مەزن داوای خێر و ئاسوودەیی بۆ کوردستان و عێراق دەکات. هیواخوازە ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە و هەموو جیهان دی بێت.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامی جەژندا: ئیرادەی گەلی كوردستان لە هەموو ستەمكاری و تاوان و ئەنفالێك بەهێزتر و بەرزترە.https://t.co/vu37VpEag3 pic.twitter.com/SfZNnY0jO9
— Rudaw (@Rudawkurdish) June 5, 2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ