رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەراورد بە هەمان کاتی پار، هاوردەکردنی چوکلێت لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووەو گەیشتووەتە زیاتر لە سێ هەزار تۆن.
رۆژی پێنجشەممە، 05ـی حوزیرانی 2025، کەمال رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مانگەکانی پێش جەژن خواست لەسەر چوکلێت و شیرینییەکان زۆر بەرز دەبێتەوە، ساڵانە بە هەزاران تۆن هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، بەراورد بە هەمان کاتی پار، نزیکەی هەزار تۆن زیاتر چۆکلێت هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
چوار مانگی سەرەتای پار دوو هەزار و 930 تۆن چۆکلێت هاوردەی هەرێمی کوردستان کرابوو. لەبارەی چوار مانگی ئەم ساڵ کەمال رەئووف گوتی، "سێ هەزار و 820 تۆن هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە."
لە رۆژانی جەژنی رەمەزان و قورباندا وەک نەریتێک موسڵمانان سەردانی یەکدی دەکەن، چوکلێت و شیرینی پێشکێشی میوان دەکرێت، بەو هۆیەوە بەر لە جەژنەکان خواست لەسەر چوکلێت زۆر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ