پێشبینی دەکرێ سبەی پلەی گەرما 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرزبێتەوە

05-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڵێن، ئەمڕۆ لە هەندێک ناوچە خۆڵ دەبارێ و چاوەڕێش دەکرێ سبەی پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرزبێتەوە.
 
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 5ـی تەممووزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاسمانی ئەمڕۆ ساماڵە، بای باکووری رۆژئاوا خێراییەکەی لەنێوان 20-30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت و لە هەندێک شوێن دەگاتە 50 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و ئەوەش خۆڵبارینی سووک تاوەکو مامناوەند دروست دەکات". 
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت، بەڵام ئەگەری بوونی تۆز و خۆڵێکی سووک لە هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان لە کاتەکانی بەیانیدا هەیە.
 
هەر بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، خێرایی با لە ئاراستەی باکووری خۆرئاواوە لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت. پلەی گەرما نزیک دەبێ لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
 
بۆ سبەی، ئاسمانی هەرێمی کوردستان هەر بە ساماڵی دەمێنێتەوە، بەڵام پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ نزیکەی 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە. 
 
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم شێوەیەیە:
هەولێر؛ 39 پلە 
سلێمانی؛ 37°
دهۆک؛ 37°
کەرکوک؛41°
هەڵەبجە؛ 38°

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە