وەزارەتی دارایی و ئابووری: نابێت پلەباڵا و تایبەت لە کەرتی تایبەت کاربکەن

05-08-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو-هەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک داوا لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکان دەکات رێگە بە فەرمانبەرانی پلە باڵا و تایبەت نەدەن جگە لە کەرتی گشتی لە کەرتی تایبەتیش کاربکەن، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان پلە باڵا و تایبەت هەن جگە لە کەرتی گشتی لە کەرتی تایبەتیش کاردەکەن."
 
بەپێی نووسراوی ژمارە 645ـی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەریمی کوردستان، کە رۆژی 29ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکانەوە کراوە، هاتووە: "هاوپێچ لەگەڵ نووسراوماندا نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 6390 لە رۆژی 26ـی نیسانی 2022 بۆتان رەوانە دەکەین تایبەت بە کارنەکردنی فەرمانبەرانی پلە (تایبەت و باڵا) لە دوای دەوامی فەرمی لە کەرتی تایبەت تاوەکو لەو پلە و پۆستانەدابن."
 
رۆژی 26ـی نیسانی 2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە 6390ـی داوای لە وەزارەتی دارایی کرد فەرمانبەرانی پلە تایبەت و پاڵا بەهیچ شێوەیەک نابێت لە کەرتی تایبەت کاربکەن تاوەکو بە فەرمی لەو پۆستەدا بن.
 
رۆژی هەینی، 5ـی ئابی 2022، عومەر گوڵپی، ئەندامی لێژنەی دارایی و کاروباری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی نووسراوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "راستییەکەی ئەو بابەتە بەپێی یاسا دیاریکراوە کە نابێت پلەی تایبەت و پلە باڵاکان لە هەرێمی کوردستان کاری دیکەیان لە کەرتی تایبەت هەبێت، بەنموونە لە کۆمپانیایەک کاربکەن یان شتی دیکە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەوە هەیە."
 
عومەر گوڵپی گوتیشی: "هۆکاری ئەو بڕیارە ئەوەیە کە پلەی باڵا و تایبەت کە مووچەیان باشە، دەبێت خۆیان بۆ کاری حکومەت و ئەرکەکانیان تەرخان و یەکلایی بکەنەوە، بە نموونە بەڕێوەبەرێکی گشتی نزیکەی سێ ملیۆن دینار وەردەگرێت بۆ ئەوەیە تەواو خۆی بۆ فەرمانگەکەی و کارەکانی تەرخان بکات."
 
بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، لە هەرێمی کوردستان 350 تاوەکو 400 پلە باڵا و تایبەت هەن، پلە باڵاکان ئەو کەسانەن کە یان هەڵدەبژێردرێن یان متمانەیان پێدەدرێت، وەکو وەزیر، سەرۆکایەتییەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت و ئەوانە، هەرچی پلە تایبەتە بریکاری وەزیر، راوێژکار و بەڕێوەبەرر گشتییەکان دەگرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی هێرشە درۆنییەکە بۆسەر کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر

ئیمارات هێرشکردنە سەر کۆنسووڵخانەکەی لە هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات

حکومەتی ئیمارات سەرکۆنەی هێرشێکی "تیرۆریستیی" درۆنی بۆسەر کۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەمڕۆ کرا و دەڵێ، لە هەفتەیەکدا ئەمە دووەمجارە هێرش دەکرێتە سەر کۆنسووڵخانەکەی.