رووداو دیجیتاڵ
بە پێنج درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادیی کۆیە و دەوروبەری. ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت: "یەکێک لە درۆنەکان لە ئاسمان تێکشکێنراوە و ئەوانی دیکەش زیانی گیانییان نەبووە."
ئەمشەو پێنجشەممە، کاژێر 22:50 خولەک، کەمپی ئازادیی کۆیە و دەوروبەری بە پێنج درۆن کرایە ئامانج. کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە رووداوی گوت: "یەکێک لە درۆنەکان لەلایەن فڕۆکەی هاوپەیمانانەوە تەقێنراوەتەوە و چوارەکەی دیکەش لە دەوروبەری کەمپەکە تەقیونەتەوە، بەڵام زیانی گیانییان نەبووە."
رۆژی 27ی نیسانیش، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی، کە کەمپی ژن و منداڵی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتە. هەمان رۆژ کەمپی سوورداشیش بە دوو درۆن بۆردوومان کرا، کە کەمپێکی هاوبەشی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە.
لە 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 735 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر، 30 لەو درۆن و مووشەکانە لە دوای ئاگربەستەوە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ