شارەوانیی کەرکووک: لیژنەیەک بەدواداچوون بۆ داواکاریی تایبەت بە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکات

05-08-2023
پەیمان محەممەد
دەروازەی شاری کەرکووک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دەروازەی شاری کەرکووک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، نزیکەی 90 هەزار فۆرمی تایبەت بە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە گەڕەکەکانی شارەکە پڕکراونەتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکان پێکدەهێنرێت.
 
رۆژی شەممە، 05-08-2023، ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی و هەوار جەلالەدین پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، ''هەندێک پڕۆژەی تایبەت بۆ گەڕەکە نوێیەکان ئامادەکراون و لە ماوەیەکی نزیکدا بەپێی بودجەی 2023 جێبەجێ دەکرێن''.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەندێک لە خانووە زێدەڕۆکانی کەرکووک لە رۆژانی رابردوودا رووخێنراون. ئەحمەد عومەر لەوبارەوە گوتی، تەنیا هەندێک لە خانووە زێدەڕۆکان کە دەکەونە سەر پڕۆژەکانی وەکو رێگەوبان دەڕووخێندرێن، ''
ماوەیەک لەمەوبەریش بە مەبەستی تاپۆکردن، دەست بە وەرگرتنی فۆرمێک لە هاووڵاتییان کرا کە سەرجەم زانیارییەکانی خانوو و خاوەنەکەی تێدایە.''
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک گوتی، ''ئێستا بە نووسراوی فەرمی، داوا لە حکومەت کراوە ئاستی پڕۆژەکان بگۆڕدرێت و ئەگەر ئەو داواکارییەمان قبووڵ بکرێت، زۆر کەس لە رووخاندنی خانوو رزگاری دەبێت.''
 
ئێستاش هەوڵێک بە مەبەستی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان هەیە، ئەوەش بەپێی بڕیاری 320ـی ساڵی 2022ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق. 
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک گوتی، "لە هەنگاوی یەکەمدا نزیکەی 90 هەزار داواکاریمان بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ وەرگرتووە، لە هەنگاوی دووەمیشدا لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکان بکات".
 
ئەگەر بڕیاری 320ـی ساڵی 2022ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جێبەجێ بکرێت، وەک ئەحمەد عومەر گوتی، ''سەرجەم ئەو خانووانەی دەکەونە بەر پڕۆژەکان، قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڵام تاوەکو مادەکە جێبەجێ نەکرێت، هیچ پلانێک بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەنەکانیان نییە.''
 
لە کەرکووک نزیکەی 70 هەزار خانووی بێ تاپۆ هەن، کورد سوودمەندی یەکەمە لە هەنگاوی تاپۆکردنیان، چونکە لە نزیکەی 10 گەڕەکی زێدەڕۆ حەوت گەڕەکیان کوردنشینن، دووانیان تورکماننشین و ئەوی دیکەشیان عەرەبنشینە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە