هۆشدارییەک بۆ ئەوانەی ئاویان بە زێدەڕۆیی راکێشاوە؛ سزادان تاوەکو 2 ملیۆن دینار دەڕوات

05-08-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایگەیاند، لە سێ مانگی رابردوودا نزیکەی 600 کەس لەسەر زێدەڕۆیی ئاو ئاگادارکراونەتەوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییش دەڵێت، "سەرپێچییەکان لە وەرزی بەهار زیاترن و ئێستا کەم بوون."
 
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر کەسێک سەرپێچی لە تۆڕەکانی ئاو بکات و بە زێدەڕۆیی ئاو رابکێشێت، بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2021ی پاراستنی پڕۆژە و تۆڕەکانی ئاو و ئاوڕۆ لە هەرێمی کوردستان و عێراق، سزادەدرێت؛ کە بەگوێرەی جۆر و بڕی سەرپێچییەکە سزاکە دەگۆڕێت."
 
لیژنە لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان پێکدەهێندرێت و سەردانی ماڵان و ناوچەکان دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی سەرپێچییەکان. ئاری ئەحمەد دەڵێت، "ئەو کەسانەی بە پێبژاردن سزا دەدرێن، دەبێت پێیەوە پابەند بن، ئەگەرنا دەدرێنە دادگە."
 
'لە هەولێر نزیکەی 600 ماڵ و شوێن ئاگادار کراونەتەوە'
 
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە رووداوی گوت، "سەرەتا ئەو کەسەی سەرپێچیی کردووە ئاگادار دەکرێتەوە، دواتر بە پێبژاردن سزا دەدرێت، ئەگەر پابەند نەبوو دەدرێتە دادگە."
 
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتیشی، "لە سێ مانگی رابردوودا، نزیکەی 600 کەس ئاگادار کراونەتەوە، بەشێکیان سەرپێچییەکانیان لابردووە، بەشێکیشیان بە پێبژاردن سزادراون یاخود دراونتە دادگە."
 
یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2021
 
یاسای پاراستنی پڕۆژە و تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان و عێراق چەند حاڵەتێکی دیاریکردووە؛ مادەی یەکەمی یاساکە، باسی بەفیڕۆدانی ئاو و بەستنی بۆرییە بە تۆڕەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی ئاو و ئاوەڕۆ، بەستنی ترومپای ئاو لەسەر بۆریی سەرەکی تۆڕەکان و کارکردن لە مەحەرەماتی بۆڕیی گواستنەوە و بەستنی ئاوی قورس بە تۆڕی ئاوەڕۆکان بەبێ مۆڵەت یان زیاتر لەوەی مۆڵەتی پێدراوە دەگرێتەوە.
 
بەپێی یاسا سزای سەرپێچیکارانی زێدەڕۆی ئاو چییە؟
 
مادەی سێیەم باسی لە رێکارە یاساییەکان کردووە، بەرامبەر سەرپێچیکاران؛ لیژنەیەک لە سنووری دەسەڵاتی کارگێری ناوچەکە پێکدێت، بەڕێوەبەری گشتی دەسەڵات بە لیژنە تایبەتییەکە دەدات بۆ هەژمارکردنی جۆر و شێوەی سەرپێچییەکە، هەرکەسێک ئەم جۆرە سەرپێچییانە بکات بەم شێوەییە سزادەدرێت:
 
ئەگەر سەرپێچییەکە لە بۆریی ئاوی 1 و نیو تاوەکو سێ ئینج بوو؛ سزا دەدرێت بە پێبژردان لە 250 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 400 هەزار دینار زیاتر نەبێت.
 
ئەگەر سەرپێچییەکە لە بۆریی ئاوی سێ تاوەکو شەش ئینج بوو؛ سزا دەدرێت بە پێبژردان لە 300 هەزار دینار کەمتر نەبێت و 600 هەزار دینار زیاتر نەبێت.
 
ئەگەر سەرپێچییەکە لە بۆریی ئاوی شەش تاوەکو  12 ئینج بوو؛ سزا دەدرێت بە پێبژردان لە 750 هەزار کەمتر نەبێت و  ملیۆنێک و 500 هەزار دینار زیاتر نەبێت.
 
ئەگەر سەرپێچییەکە لە بۆریی ئاوی 12 تاوکو 24 ئینج بوو؛ سزا دەدرێت بە پێبژردان لە دوو ملیۆن کەمتر نەبێت و چوار ملیۆن زیاتر نەبێت.
 
ئەگەر سەرپێچییەکە لە بۆریی ئاوی 24 ئینج زیاتر بوو؛ سزا دەدرێت بە پێبژردان لە شەش ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و هەشت ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
 
هەرکەسێک ئەم جۆرە زێدەڕۆییانە بکات بەم شێوەیە سزادەدرێت:
 
بەستنی بۆریی تیرە نیو ئینج؛ سزادەدێت بە 450 هەزار دینار
 
بەستنی بۆریی تیرە سێ لەسەر چوار ئینج (سێ روبع)؛ سزادەدێت بە 750 هەزار دینار
 
بەستنی بۆریی تیرەکەی زیاتر بێت لە سێ لەسەر چوا ئینج؛ سزادەدێت بە یەک ملیۆن 
 
ئاوی سلێمانی: لە پێنج مانگدا نزیکەی 1.5 هەزار کەس ئاگادارکراونەتەوە و سزادراون
 
هاوکات ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە رووداوی گوت، "بەردەوام لە رێگەی لیژنەکانەوە گەڕان لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامە، بەڵام لە وەرزی بەهاردا دیاردەی زێدەڕۆیی ئاو بەراورد بە مانگەکانی تەممووز و ئاب زیاتر دەبێت، چونکە لەم مانگانەدا ئاو بە گشتی لە هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە؛ لە سلێمانی ئەم دیاردەیە لە مانگەکانی دوو سێ بۆ سەرەوە دەبێتە 30% و لە مانگەکانی دیکە کەم دەبێتەوە بۆ 15%."
 
پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵ سەرپێچییەکان لە پارێزگای سلێمانی بەم شێوەیە بوون؛
 
مانگی کانوونی دووەم
265 ئاگادارکردنەوە و 291 ئاگادارکردنەوە و پێبژاردن
مانگی شوبات
195 ئاگادارکردنەوە و 211 ئاگادارکردنەوە و پێبژاردن
مانگی ئادار
215 ئاگادارکردنەوە و 235 ئاگادارکردنەوە و پێبژاردن
مانگی نیسان
325 ئاگادارکردنەوە و 367 ئاگادارکردنەوە و پێبژاردن
مانگی ئایار
340 ئاگادارکردنەوە و 370 ئاگادارکردنەوە و پێبژاردن
 
کۆی گشتی: هەزار و 474 ئاگادارکردنەوە و سزادان
 
زرار ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاوی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەموو کوردستان ئەم ساڵ دیاردەی دزینی ئاو و زێدەڕۆیی لە بیرەکاندا زیادیکردووە، لە ئاکرێش لیژنەیەک بۆ چاودێریکردنی دوو خاڵ پێکهێنراوە؛ ئەوکەسانەی کە تەوافەیان نەبەستووە، لەگەڵ ئەوانەی کە زێدەڕۆییان لە بیرەکانی ئەودا کردووە.
 
بە گوتەی بەڕێوبەری ئاوی ئاکرێ، لە سێ مانگی رابردوودا، بەهۆی زیادەڕۆییەوە نزیکەی 200 هێڵی ئاویان بڕیووە، 500 کەسیش ئاگادرکراونەتەوە لە سەرپێچییەکان، چەند کەسێکیش دراونەتە دادگە و بە پێبژاردن سزادراون.
 
زرار ئەحمەد داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هاوکاریان بن و ئاسانکارییان بۆ بکەن دوور بکەونەوە لە سەرپێچییەکان، چونکە قەزاکە کێشەی کەمئاوی هەیە و "بەهۆی وشکەساڵییەوە 9 کانی و 18 بیر وشکیان کردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.