رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی رایگەیاند، کێشەی بێئاویی مزگەوتەکانی سلێمانی چارەسەر کراون و ئەو دوو مزگەوتەی داخرابوون، کرانەوە.
ڕۆژی سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، هاوژین رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە شێوەیەکی کاتی کێشەی ئاوی مزگەوتەکانمان چارەسەر کردووە، ئێستا خەریکین کێشەکە بەتەواوەتی چارەسەر بکەین و ئاو بۆ ئەو مزگەوتانە رابکێشین."
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، بەهۆی بێئاوییەوە، دوو مزگەوت لە سلێمانی داخرابوون. بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی دەڵێت: "تەواوی سلێمانی کێشەی کەمیی ئاوی هەیە؛ بابەتەکە گشتییە و بەهۆی وشکەساڵییەوەیە و پەیوەندیی بە هیچ شتێکی دیکەوە نییە."
بە گوتەی هاوژین رەئووف، بە تانکەر ئاویان بۆ مزگەوتەکان دابین کردووە و ئێستا هیچ کێشەیەکیان نەماوە. گوتیشی، زیاتر کێشەکە لەو مزگەوتانەدایە کە دەکەونە نێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هەر مزگەوتێک کێشەی کەمیی ئاوی هەبوو، ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن.
رۆژی 31ی تەممووز مزگەوتی کانێسکان و رۆژی 3ـی ئابیش مزگەوتی رەسووڵ لە شاری سلێمانی بەهۆی بێئاوییەوە داخران.
سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی ماڵانی سلێمانی، بەنداوی دووکان و سەرچنار و کانیاو و بیرەکانی شارن، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە هەندێک لەو سەرچاوانە وشک بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ